نوێنەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئەمڕۆ پێنج شەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامە نووسیدا رایانگەیاند، تورکیا لەڕێگەی هێرشەکانییەوە بۆ هەرێم و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت بوونی کورد بسڕنەوە و ژیان و گوزەرانیان تێک بدەن.
نوێنەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لەکۆنگرەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، تورکیا لەڕێگەی بۆردومان و درۆن و بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەی شەڕکەرەوە، هێرش دەکاتە سەر گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو ناوچانە دەکاتە ئامانج کە بنکەی بەرهەمهێنانی خزمەتگوزارین بۆ هاووڵاتیان، وەک بەنداوەکانی گلدانەوەی ئاوو و پرۆژەکانی ئاو و وێستگەکانی کارەبا، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە ڕێگە لە ئابوری و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بگرێت،
فەتحوڵا حوسەینی نوێنەری باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئاماری هێرشەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیای بۆ کانتۆنیەکانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند و وتی ” ئەمڕۆ زیاتر لە ١٠ کەس شەهید و برینداربوون کە زۆرینەیان خەڵکی سیڤیلن”
لە رێگەی هێرشی ئاسمانی کە بە فرۆکەی جەنگی ئەنجامدراوە، کەمپی واژۆکانی کە دەکەوێتە ناوچەی سەرێ کانییەوە کراوەتە ئامانج، و چەندین زیانی ماددی بەو کەمپە گەیاندووە و هاوکات زیاتر لە ٣ کەس بریندارن،
هێرشی ئاسمانی بۆ کارگەیەک لە گوندی مشریفەی حەمۆ کە ٣ کەس بریندارە
تۆبباران کردنی سەدی ئاوی چل ئاغا لە قامیشلۆ
ماتۆڕێکی سفیل لەڕێگەی درۆنەوە کراوەتە ئامانج و ٢ کەس شەهید بووە
لەڕێگەی تۆپخانەکانەوە تۆببارانی وێستگەی نەوت لە نزیکی چل ئاغا کراوە
٢ ویستگەی کارەبا لە قامیشلۆ تۆبباران کرا
هاوکات نوێنەرانی خۆسەری ڕۆئاوای کوردستان، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو کوشت و بڕینەی تورکیا دەیکات، و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن چاو کوێر نەبن لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی، لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.