ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و سابت عەباسی هاوتا عێراقییەکەی لە میانەی دانوستانەکان ئەگەری هەنگاوە هاوبەشەکان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنوورەکانیان تاوتوێ کراوە.
شەوی ڕابردوو سابت عەباسی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، ئەمەش لە کاتێکدایە تورکیا هێرشی ئاسمانی کردە سەر هەرێمی کوردستان.
باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سابت عەباسی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی یەشار گولەر “پرسەکانی ئاسایشی سنوورەکان لە نێوان تورکیا و عێراق”ی تاوتوێکردووە.
دوێنێ چوارشەممە، یەشار گولەر ڕایگەیاند، هەموو ئەو ئاسانکاریانەی سەر بە ڕێکخراوەکانی پەکەکە و یەپەگە لە سوریا و عێراق بە ئامانجی شەرعی و ڕەوای هێزەکانی تورکیا دادەنرێت.
بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری عێراق بە “العربی الجدید”ی ڕاگەیاند، شاندەکەی یاوەری سابت عەباسی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی عێراقی تێدایە، بڕیارە پرسی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر سنووری عێراق تاوتوێ بکرێت.
جەختی لەوەکردەوە، “عێراق هێرشەکانی پارتی کرێکاران لە ناوخۆی تورکیا لە خاکی عێراقەوە ڕەتدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات ڕێگری بکات لە هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە”.
ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، “وەزیری عێراق پەیامێکی سەرۆک وەزیران هەڵدەگرێت کە هەڵوێستی بەغدا پشتڕاست دەکاتەوە کە هەر کردەوەیەک ڕەتدەکاتەوە کە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا بکات، هەروەها داوای کردنەوەی گفتوگۆیەکی جددی دەکات سەباتەی بە چارەسەرکردنی قەیرانەکان دوور لە نا سەقامگیرییەک لە ناوچە سنوورییەکانی ناو هەرێمی کوردستان”.
لای خۆیەوە ڕێبەر سەفین، چالاکوانی سیاسی لە هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە “العربی الجدید”ی ڕاگەیاند، “بەرپرسانی ئەمنی حکومەتی هەرێم لەو شاندە عێراقییە ئامادەن کە ئێستا سەردانی ئەنقەرەی کردووە”.
شەوی چوارشەممەی ڕابردوو و بەرەبەیانی پێنجشەممە، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی شاری سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دۆخێکی نا سەقامگیری لە ناوچەکان دروستکردووە.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ ەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینی و ئاسمانییەکانی تورکیا بارەگا و ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانیان لە هەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج، کە زۆربەیان کەوتوونەتە سەر سنووری تورکیا.