ئەمڕۆ پێنجشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماری مانگی نۆی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ٧٣ کەسیان بە تۆمەتی بەکارهێنان و دابەشکردن و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
باسی لەوەکردووە، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە مەبەستی ڕێگریکردن و بەگژداچوونەوەی بەکارهێنەران و بازرگانانی ئەو ماددانە، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە مانگی نۆی ئەمساڵدا لەچەند هەڵمەتێکی جیاوازدا لەشاری سلێمانی و دەوروبەری توانیویانە ٧٣کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و دابەشکردن و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستگیر بکەن.
هاوکات، لەهەڵمەتەکەدا توانراوە دەستبەسەر بڕی (٢،٢٢٠) کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرن لە جۆرەکانی (تلیاک،هێرۆین،کریستاڵ،حشیش،حەبی ترامادۆڵ).
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر بە مادەکانی (٢٥-٢٦-٣٠)لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵیەکان تۆمەتبارەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.