مامۆستایان: مووچەمان بخرێتە سەر بەغدا یان بەرپرسانی كوردیش لە هەرێم مووچە وەربگرن



لەگەڵ زیادبوونی داواكاری مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بۆ پێدانی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە، بەرپرسانی كورد لە عێراق و هەرێمی كوردستان كەوتوونەتە دوو بەرەوە، بەرەیەكیان پێی وایە ناردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە “یاسایی و دەستوورییە” و بەرەیەكیش پێیی وایە “نادەستوورییە و مەترسیە بۆ قەوارەی هەرێم” لەو نێوەندەشدا فەرمانبەران دەڵێن: يان مووچەی هەموو مانگەكانمان پێ‌ بدەن یان با عێراق بیدات و ئەگەر ئەوەش ناكرێت با بەرپرسانی كوردى بەغدا لە هەرێم مووچە وەربگرن تا لە “نەهامەتی مووچەخۆرانی هەرێم تێبگەن، چونكە بۆ بۆ ئەوان حەڵاڵ و بۆ ئێمە حەرامە؟”.

ئێستا مانگی 10ی 2023یە و هێشتا بەشێكی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 7ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و ساڵیش 2 مانگی ماوە، بەڵام هێشتتا مووچەی 5 مانگ (8 و 9 و 10 و 11 و 12) چارەنووسی نادیارە، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی پارەی بەغدایە و بەغداش تەنها بە قەرز 700 ملیار دەدات و هیچ بڕیارێكیش نییە بۆ ڕێككردنەوەی مانگانەی مووچە، ئەوەش ناڕەزایی مامۆستایان و فەرمانبەرانی لێ‌ كەوتۆتەوە و لە بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان (سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین) بایكۆت و خۆپیشاندانە.

چەند ڕۆژێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی چەند پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیان كرد و داوایان كرد، كە ڕاستەوخۆ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق مووچەكانیان دابین بكات و واژۆی 60 هەزار فەرمانبەر ڕادەستی عێراق كرا و ئێستاش هەڵمەتی كۆكردنەوەی واژۆی زیاتر دەستی پێكردووە، ڕۆژی 2/10/2023 فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) لە پەرلەمانی عێراق جگە لە فراكسیۆنی پارتی، واژۆیان كۆكردەوە و داوا دەكەن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەغدادەوە بدرێت.

لەو نێوەندەشدا بەرپرسانی پارتی پێیان وایە ناردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە “نادەستوورییە و پێشێلكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، چونكە هەرێم حكومەت و وەزارەتی دارایی خۆی هەیە” لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و بەرپرسانی حزبەكانی دیكە دەڵێن: “ئەوە كارێكی دەستووری و یاساییە و ئێستا عێراق نەوتی هەرێمی بەدەستەوەیە و بودجە لای عێراقە و بەپێی دەستووریش سیاسەتی دارایی بە مووچەشەوە لای حكومەتی فیدڕاڵییە و دەتوانێت خۆی ڕاستەوخۆ لەڕێگەی بانكەوە مووچە بدات”.

لەو نێوەندەشدا مامۆستایان و فەرمانبەران لە چەند پەیامێكی جیادا لە فەیسبووك جەختیان لە پێدانی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە كردۆتەوە و مامۆستا محەمەد سان دەڵێت: “داوا دەكەین حكومەتی عێراق یان مووچەی فەرمانبەران بخاتە سەر بەغدا، یان مووچەی هەرچی كوردە لە سەرۆك كۆمار و وەزیرەكان و پەرلەمانتاران بخاتە سەر هەرێم”.

دەشڵێت: “ئەگەر كوردایەتیە با پێكەوەبین و ئەگەر خیانەتیشە با هەر پێكەوەبین؟!”.

لای خۆشیەوە، مامۆستایەكی دیكە نووسیویەتی، “حەقە مووچەخۆرانی هەرێم داوا بكەن، یان مووچەی ئێمە بخەنە سەر بەغدا یان مووچەی بەرپرسانی كورد بە وەزیر و پەرلەمانتارەكانەوە بخەنە سەر هەرێم تاوەكو وەكو ئێمە تاڵاو و شەڕی دەروونی بێ‌ مووچەیی بچێژن تێبگەن نان و قەوارەی هەرێم برسێتی ناشكێنێ‌!”.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشكی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، “بەپێی دەستووری عێراق، حکوومەتی فیدڕاڵی ناتوانێت ڕاستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەکی تر بۆ ھەرێم خەرج بکات و ھەموو مامەڵەیەکی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەبێ لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمییەكانی ھەردوو لاوە بێت، کە حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیە”.

جەختیشی كردۆتەوە، بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتیی 2023، دەبێ حکومەتی فیدڕاڵی مانگانە 775 ملیار دینار وەك مووچە بۆ ھەرێمی كوردستان خەرج بکات لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستانەوە

بەڵام لە بەرامبەردا، د. یوسف محەمەد، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و پسپۆڕی یاسایی ڕایگەیاندووە، ڕەسمكردنی سیاسەتی دارایی (كە پرسی مووچەش ئەگرێتەوە) بە پێی مادەی (١١٠/ سێیەم)ی دەستوور لە سەڵاحیاتە حەسرییەكانی دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانە، لەبەر ئەوە ڕێگری دەستووری نیە، ھەروەھا ھەرێم ھیچ یاسایەکی تایبەتی نییە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم، بەڵکو ھەر یاساکانی عێراق راستەوخۆ جێبەجێ ئەکات بە یاساکانی سەردەمی ڕژێمی پێشوش، وەک یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە (٢٤)ی ساڵی ١٩٦٠ی ھەموار کراو، یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٨ی ھەموار کراو و ھەروەھا یاساکانی خانەنشینیش.

ڕاشیگەیاندووە، لەبەرئەوەی یاساكانیش بۆ مووچە وەک یەکن، ئاسانترە وەك لەوەی ئەگەر یاساكان جیاواز بوونایە. ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ھەرێم پێشێلی ئەو یاسا فیدڕاڵییانەیان کردوە لە پێنەدانی مووچەی تەواوی مووچەخۆران و خانەنشینان و وەستاندنی نایاسایی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، ئەو داواکارییە بەھێزتر ئەکات، کە ڕاستەوخۆ مووچە لە لایەن حکوموتی فیدڕاڵەوە بدرێت بە مووچەخۆرانی ھەرێم.

ئاشكراشی كرد، تەنانەت یاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ لە مادەی (١٣/ ھەشتەم/ أ و ب) رێی بە حکومەتی فیدڕاڵ داوە ڕاستەوخۆ ئەرکی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە ئەستۆ بگرێ.

وتیشی، “پێشتر بەشێکی کوتلە سیاسییەکان و تەنانەت حکومەتی فیدڕاڵیش ئەوەیان ڕەد کردەوە و دەیانوت حكومەتی هەرێم نەوت دەفرۆشێت و پێویستە لە داهاتی نەوت مووچە دابین بكات، ئێستا کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بە فەرمی ڕاگیراوە، ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمیش ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی تری عێراق دابین بكات، کە ئەمەش تەنھا رێکاری ئیداری و بانکیی پێویستە. ئیتر کاتییەتی مووچە لە ململانێ سیاسییەکان جیابکرێتەوە”.

چەند گوندێكی شارباژێڕ بۆردومان كران
پێت چەند گوندێكی شارباژێڕ بۆردومان كران
هاووڵاتییەك بە هەورەتریشقە گیانی لەدەستدا
دوات هاووڵاتییەك بە هەورەتریشقە گیانی لەدەستدا
پەیوەنیدر