هۆشداری ڕوودانی لافاو لە هەرێم دەدرێت



شارەزایەكی كەشناسی هۆشداری ڕوودانی لافاو لە هەرێم دەدات لە مانگی داهاتووەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت بەپێی هەموو سەرچاوەکانی نەخشە مانگی 11 و 12ی ئەمساڵ بارانبارن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە سەرووی رێژەی ئاساییەوە بێت.

محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ کاریگەری شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین، کە لە دەریای نێوەڕاستەوە هەڵیکردووە، لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەردەکەوێت”.

ڕاشیگەیاند، “کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو دوای رۆژئاوابوونی ئەمڕۆ چوار شەممە لەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و لە نێوان هەولێر و موسڵیش هەندێک تاوەباران دەبێت؛ لە ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆرانیش بارانبارین دەبێت و لە ناوچەکانی هەڵەبجە و گەرمیانیش ئەگەری رێژنەبارانی پاییزە هەیە”.

لەبارەی ئەگەری لافاو لە هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت: “لافاو شتێکی ئاسایی و سرووشتییە، بۆیە پێشبینی دەکەم مانگی داهاتوو لافاو لە هەرێمی کوردستان دروست بێت، لەبەرئەوەی پێشبینی دەکرێت بەپێی هەموو سەرچاوەکانی نەخشە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بارانبارن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە سەرووی رێژەی ئاساییەوە بێت؛ بۆیە ئەگەری لافاو هەیە”.

بە وتەی محەممەد کەمال، “پارێزگای هەولێر بە پلەی یەکەم دێت لە ڕووی مەترسیی دروستبوونی لافاو، چونکە تەختە و ئەو شارانەی نیشتەجێبوونیش، کە دروستکراون، بەشێکیان شوێنەکەیان ڕێڕەوی ئاو بووە”.

ئەو شارەزایەی كەشناسی داواش دەکات، “وەکو ئێستا هەڵمەتی پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو لە هەولێر دەستیپێکردووە، هەڵمەتەکە بەردەوام بێت و لە شارەکانی دیکەش وەکو سلێمانی و دهۆک و گەرمیان، هەڵمەتەکە دەستپێبکات و ئامادەکاری بۆ لافاو بکرێت”.

 

مۆندیالی 2030 لە سێ‌ كیشوەری جیاواز ئەنجام دەدرێت
پێت مۆندیالی 2030 لە سێ‌ كیشوەری جیاواز ئەنجام دەدرێت
كاندیدێكی هەڵبژاردنەكان و خێزانەكەی لە هەوڵی كوشتن ڕزگاریان بوو
دوات كاندیدێكی هەڵبژاردنەكان و خێزانەكەی لە هەوڵی كوشتن ڕزگاریان بوو
پەیوەنیدر