داوای گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی ناونیشانی یەکێك لەو فڕۆکەوانانەی هەڵەبجەیان بۆردومان کرد کە پەرلەمانتارێکی پارتی ڕایگەیاندبوو لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە.
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقی رایگەیاند یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی هەڵەبجەیان بەچەکی کیمیاوی بۆردومان کردووە خۆی و خێزانەکەی لەهەرێمی کوردستان ئازادانە نیشتەجێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لەگەڵ چرۆ حەمە شەریف پەرلەمانتاری هەڵەبجە و کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری گەرمیان لە فراکسیۆنی یەکێتی، بەنووسراوی فەرمی داوایان لە داواکاری گشتی عێراق کرد، ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێتەبەر.
لە نووسراوی دوو پەرلەمانتارەکەدا داوا کراوە ناو و ناونیشانی فڕۆکەوانەکە ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.