دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولدا ٤٨ بوومەلەرزەیان تۆمارکردووە کە ٣٦یان لەنێو عێراق، ١١یان لەنێو ئێران و ئەوی دیکەش لە سووریا ڕوویداوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق کە بلاوکراوەتەوە، لە مانگی ئەیلوولدا ٤٨ بوومەلەرزە لە عێراق تۆمارکراون و گوڕەکانیان لەنێوان ١ بۆ ٥.٢ پلە بە پێوەری ڕێختەر بووە؛ قووڵاییشیان لەنێوان ٦ بۆ ٢٩ کیلۆمەتر بووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی ڕابردوو بە ١٥ بوومەلەرزە، پارێزگای سلێمانی زۆرترین چالاکی بوومەلەرزەی تێدا بووە؛ دوای ئەو بە حەوت بوومەلەرزە پارێزگای هەولێر هاتووە؛ شەش بوومەلەرزە لە پارێزگای واست و چوار بوومەلەرزە لە پارێزگای نەینەوا ڕوویانداوە.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق دەڵێت، دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای میسان و بوومەلەرزەیەکیش لە هەریەکە لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە تۆمارکراون.
عامر جابری، وتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق دەڵێت، “ڕۆژانە و مانگانە چالاکی بوومەلەرزە هەن، چونکە عێراق کەوتووەتە نزیک هەردوو هێڵی بوومەلەرزەی پلێتی عەرەبی و فارسی، بەڵام ئێمە سەرجەم ئەو بومەلەرزانەی ڕوودەدات بڵاوناکەینەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵک نەترسن، چونکە بەشێک لە بومەلەرزەکان بە ئامێر نەبێ هەستیان پێ ناکرێت.