وەزارەتی پەروەردە داوای شكاندنی بایكۆت لە مامۆستایان دەكات و جەختدەكاتەوە، كە هیچ گۆڕانكارییەك لە پڕۆگرامی خوێندن ناكرێت، لە بەرامبەریشدا یەكێتی مامۆستایان دەڵێت: “وەك چۆن داوای دەوام لە مامۆستایان دەكەن، داواش لە حكومەت بكەن مووچە دابەش بكات”.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا داوای لە مامۆستایان كرد دەست بە دەوامكردن بكەنەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، دەرئەنجامەكانی بایكۆت لە ساڵانی ڕابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێكمان نییە گۆڕانكاری لە ساڵنامەی خوێندن بكرێت.
لای خۆشیەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: “كاتێك وەزارەتی پەروەردە داوای دەوامكردن لە مامۆستایان دەكات با داوا لە حكومەتی هەرێمیش بكات پابەند بێت بە مافە داراییەكانی مامۆستایان و لانیكەم مووچەی مانگی ئاب دابەش بكات”.
بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە، ماوەی دوو هەفتەیە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و دەورووبەری مامۆستایان بایكۆتیان ڕاگەیاندووە و لە ئێستادا، كە مانگی 10یە تەنها مووچەی مانگی 7 لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دابەش كراوە و هێشتا چارەنووسی مووچەی مانگی (8 و 9) و مووچەكانی دیكەی ئەمساڵ نادیارە.
پێشتریش یەكێتی مامۆستایانی كوردستان- لقی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بووین، كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ بكات، سەرەڕای (ڕاگرتنی مووچە و پاشەكەوتی مووچە و مووچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە مووچە و سێ ڕوبعە مووچە) كە لە 8 ساڵی ڕابردوودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و مووچەی مانگەكانی (7 و 8) بەیەكەوە دابەش بكات.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمجارەش كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆش كرد، بۆیە ئەم بێ باكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دووری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات.
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لە حكومەتی هەرێم مووچەی هەردوو مانگەكانی (8 و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بكات.