ئاژانسی هەواڵى رۆیتەرز، زانیاری نوێی لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات لە رۆژانی داهاتودا کۆبونەوەی دیکە لەوبارەیەوە بەڕێوەدەچێت.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای عێراقییەوە ئەوەی ئاشکرای کردوە، گفتوگۆکانی عێراق و تورکیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامییان هەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژانی داهاتودا بڕیارە کۆبونەوەیەکی دیکەی دولایەنە لەبارەی پرسەکەوە ئەنجامدەدرێت و عێراق دەیەوێت بەروونی لە ئاستی جدیبونی تورکیا لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تێبگات.
بەرپرسە عێراقییەکە هیچ ئاماژەیەکی نوێی بە ئاژانسی رۆیتەرز نەداوە کە ڕوونیبکاتەوە گفتوگۆکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت گەیشتبێتە قۆناغێکی نوێ یان چەقییان بەستووە.
دوێنێ دووشەممە، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، لەمڕۆوە هێڵی بۆری نەوتی (عێراق – تورکیا) ئامادەیە بۆ کارکردن و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەست بە کارو چالاکی دەکات.
لە (25 ی ئاداری 2023) و لە دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا و لەو ماوەیەشدا چەندین کۆبونەوە لە نێوان بەغداد و ئەنقەرە ئەنجامدران کە بەمەبەست لێى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت بو، بەڵام تورکیا تا ئەم ساتە ئامادە نییە ئەو قەرەبووە بدات کە وەک سزا بەسەریدا سەپێنراوە.