“تا قەیرانەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان قوڵتر دەبنەوە زیاتر لە حکیمەت و سیاسەتی مام تێدەگەین”



قوباد تاڵەبانی، لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راستە سەرۆک مام جەلال دامەزرێنەر و سەرۆک و رابەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام ئەو ھەر موڵکی یەکێتی نەبووە بەڵکو ھی ھەموو کوردە.

قوباد تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت:”لە یادی شەش ساڵەی کۆچی دواییدا باشترین رێز و وەفا بۆ سەرۆک مام جەلال، نوێکردنەوەی بەڵێنی بەردەوامبوونە لەسەر رێبازەکەی، باشترین وەفا ئەوەیە لە ڕێ و رێبازەکەی تێبگەین و کاری لەسەر بکەین. بۆ ئەمساڵیش بەستنی سەرکەوتووانەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی، باشترین وەفا و پاداشتی یەکێتییەکان بوو بۆ روحی بەرزی سەرۆک مام جەلال”.

راشیگەیاندووە:”لاپەڕەکانی مێژووی ھەر گەلێک پڕە لە چیرۆک و بەسەرھاتی ئەو سەرۆک و سەرکردە و رابەرانەی کە سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورەیان بۆ گەلەکەیان بەدیھێناوە، بەڵام نەک ھەر لە مێژووی گەلێکدا بەڵکو لە مێژووی جیھانیشدا ژمارەی ئەو سەرۆک و سەرکردانەی لە نمونەی سەرۆک مام جەلال-ن زۆر کەم و دەگمەنن کە ئەوەندە بە شکۆ و مەزن بن، تەنانەت لای نەیارەکانیشیان رێزلێگیراوبن و دوای خۆیان ببنە قوتابخانەیەک بۆ سیاسەت و نەوە لە دوای نەوە باس لە گەورەیی و خەبات و سیاسەت و حەکیمییان بکرێت”.

“راستە سەرۆک مام جەلال زیاتر لە ٦٠ ساڵ لەپێناو کورددا خەباتی کرد، بەڵام بەھۆی سیاسەتی حەکیمانەی لە چارەسەرکردنی کێشەی عێراقییەکان، ئەمڕۆ ھەموو عێراقییەکان بە موڵکی خۆیانی دەزانن”. قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە:” راستە سەرۆک مام جەلال سەرۆکێکی کورد و سەرۆک کۆماری عێراق بوو، بەڵام بەھۆی خەبات و تێکۆشانی بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی و ھەوڵەکانی لەپێناو دیموکراسیدا، لای ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانی جیھانیش سەرۆکێکی رێزلێگیراوە، مام چەتری کۆکەرەوەی ئەو کەس و لایەنانە بوو کە ناکۆکی و گرفتیان ھەبوو و حەکیمی چارەسەر و ئاشتەواییان بوو لەپێناو بەرجەستە کردنی ئارامی و بەرژەوەندیی گشتیدا.

لە کۆتایشیدا دەڵێت:” تا رۆژان و ساڵان تێپەڕدەبن زیاتر درک بە ئازاری غیابی مام دەکەین، تا قەیرانەکان و ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکان لە کوردستان و عێراق قوڵتر دەبنەوە، زیاتر لە حکیمەت و سیاسەتی مام تێدەگەین کە چۆن بەرپرسیارانە و دووربینانە ئیدارەی ناکۆکییەکانی کردوە و رێگربووە لەوەی قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان دوو لایەن و چەند لایەنی سیاسی ژیان و داھاتووی خەڵک بخاتە مەترسییەوە. لە خۆڕا نەبوو کە لە لوتکەی بێھیواییدا ھەمیشە مام جەلال تروسکایی ھیوایەک بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

یادت بۆ ھەمیشە لە دڵماندایە و رێبازیشت بۆ ھەتا ھەتایە لە ھزرماندایە..

وێنە..١٢ شوێنی گۆشتفرۆشی لە هەولێر داخران
پێت وێنە..١٢ شوێنی گۆشتفرۆشی لە هەولێر داخران
بافڵ تاڵەبانی: نابێت شایستە داراییەكان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت
دوات بافڵ تاڵەبانی: نابێت شایستە داراییەكان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت
پەیوەندیدار