نرخی زێڕ بۆ كەمترین ئاست لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا دابەزیوە و هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ڕێژەی سوو لە ئەمریكا و زێڕنگەرێك دەڵێت: لە بۆرسەی جیهانی نرخەكەی دابەزیوە، بەڵام لە كوردستان گرانترە.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزینی تۆماركرد و لە دوێنێوە زیاتر لە 20 دۆلار نرخەكەی شكاوە و بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 50 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەك دابەزیوە.
ڕاشیگەیاند، هەفتەی ڕابردوو نرخی ئۆنسەیەك بۆ 1880 دۆلار دابەزی و دوێنێ زیاتر دابەزیوە بۆ 1850 دۆلار و ئەمڕۆش دابەزی بۆ 1828 دۆلار.
ڕووونیشی كردەوە، ئێستا نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 480 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 420 هەزار و عەیاری 18 بە 360 هەزار دینارە.
ئەو زێڕنگەرە هۆكاری گرانی زێڕی لە هەرێمی كوردستان گەڕاندەوە بۆ “بەرزی بەهای دۆلار و فرۆشتنی زێڕ لەسەروو نرخی بۆرسەوە” و وتی، “پێویستە سەندیكای زێڕنگەران چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە دابنێت، كە بە 15 هەزار زیاتر لەسەروو نرخی بۆرسە دەفرۆشرێت و بەوەش هەر ئۆنسەیەك بە 80 دۆلار زیاتر دەفرۆشرێت”.
بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی دەبوو ئێستا نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیار 18 بۆ خوار 300 هەزار دینار دابەزێت، بەڵام ئەو زێڕنگەرە هۆكارەكانی بەگرانی مانەوەی ئاشكراكرد.