وەزارەتی دەرەوەی سووریا، دەڵێت؛ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق وابەستەیە بە پاشەکشێی هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی.
بەسام سەباغ، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا بە تۆڕی هەواڵی سپۆتنیک-ی ڕووسی ڕاگەیاند، پێویستە تورکیا هێزە سەربازییەکانی لە کۆماری عەرەبی سووریا بکشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە هەر هەوڵێک بە ئامانجی دروستکردنی هەر جۆرە پەیوەندییەک، بێ ئاکامە.
ئاماژەی بەوەشدا: “پێویسته تورکیا هێزه سەربازییەکانی بکشێنێتەوه، لەئەگەری جێبەجێکردنی ئەم داوکارییەدا، بێگومان، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانمان واڵایە.
سەباغ ئاماژەی بەوەدا کە “هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ تورکیادا حاڵی حازر بوونی نییە”.
هەینی ڕابردوو یاشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ئامادەیی ئەنقەرەی دەربڕی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، لەکاتێکدا کاتدا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە، کە ئامادە نییە لە باکووری سووریا بکشێتەوە.