یەكێتی مامۆستایانی كوردستان- لقی سلێمانی دابەشكردنی دوو مووچەی مانگەكانی (8 و 9)ی كردە مەرجی شكاندنی بایكۆت و ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێم ئەمجارەش هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆش كرد.
یەكێتی مامۆستایانی كوردستان- لقی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بووین، كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ بكات، سەرەڕای (ڕاگرتنی مووچە و پاشەكەوتی مووچە و مووچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە مووچە و سێ ڕوبعە مووچە) كە لە 8 ساڵی ڕابردوودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و مووچەی مانگەكانی (7 و 8) بەیەكەوە دابەش بكات.
ڕاشیگەیاندووە، ئەمجارەش كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆش كرد، بۆیە ئەم بێ باكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دووری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات.
جەختیشی كردۆتەوە، بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لە حكومەتی هەرێم مووچەی هەردوو مانگەكانی (8 و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج بكات.
یەكێتی مامۆستایان دەشڵێت: “جێبەجێ كردنی ئەم داواكارییە دەبێتە متمانە بەخشینەوە و بووژاندنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن”.