“بەهاری داهاتوو بۆ هەموو دونیا باراناوی دەبێت”



بەگوێرەی پێشبینییەكانی زانایانی بەڕێوەبردنی نیشتمانیی بۆ زانستی زەریاكان و بەرگەهەوا لە ئەمریكا، كۆتایی دیاردەی لانینا(La Niña) نزیك بووەتەوە و ئەمەش وادەكات سێ وەرزی وشكەساڵی لە دووای یەك بەبەهارێكی تەڕوتوشی دەست پێكاتەوە.

خالید سلێمان، نوسەر و ڕۆژنامەوانی تایبەتمەند بە بواری ژینگە دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەكانی زانایانی بەڕێوەبردنی نیشتمانیی بۆ زانستی زەریاكان و بەرگەهەوا لە ئەمریكا، كۆتایی دیاردەی لانینا(La Niña) نزیك بووەتەوە و ئەمەش وادەكات سێ وەرزی وشكەساڵی لە دووای یەك بەبەهارێكی تەڕوتوشی دەست پێكاتەوە. زاناكان مەزەندەی ئەوە دەكەن ئەم كۆتاییهاتنەی لانینا لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا ببێتە گۆڕانكای ئاوهەواو بەهاری داهاتووش بۆ هەموو دنیا باراناوی بێت.

لە سێ ساڵی ڕابوردوودا پلەی گەرمای ئاو لە زەریای هێمندا، لە خواروی موعەدەلی ساردییەوە، بووە هۆی كەمبوونەوەیەكی بەرچاوی ڕێژەی دابارین لەسەر ئاستی هەموو دنیا، بەڵام بەگوێرەی چاودێریی و توێژینەوەی زانایان، دیاردەكە بە ڕێژەی71% لە كۆتاییدایەو لەمانگی شوباتەوە وەرزێكی دابارینی باش دەست پێدەكاتەوە.
جێگەی سەرنجە كە بەدەگمەن ڕوویداوە دیاردەی لانینا بۆ سێ وەرز بەدووای یەكدا بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە بەرچاوەی لە كەشەهەوادا ڕوودیاوەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی و ئاوی زەریاكان، بەلای زانایانەوە شتێكی سەیر نەبوو كە دیاردەكە بۆ سێ ساڵ بەدووای یەكدا بەردەوام بێت.

بەپێی هەندێ ناوەندی زانستی تایبەت بە كەش و ئاوهەوا، دیاردەی (لا نینا) بۆ وەرزی سێیەم زاڵ دەبێت بەسەر گۆی زەویدا. ئەمەش وادەكات كە پێشبینی وەرزێكی تری وشك و كەمباران بكەین. سەنتەری پێشبینی كردنی كەش و سكوڵی كۆڵۆمبیا بۆ كەش، دەڵێن پێشتر مەزەندەی بەردەوامبوونی (لا نینا) تا زستانی داهاتوو لە ٥٦% بوو، بەڵام لە نوێترین پێشبینیدا باس لەوە دەكەن كە ئەو مەزەندەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٧٥%.
(لانینا) شێوازێكی ناجۆرە لە كەشوهەوای ئاسایی و تیایدا پلەی گەرمی ناوچە گەرمەكانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمن ساردترە لە پلەی گەرمای ئاسایی. ئەم كەشە ناجۆرەش كاریگەریش لەسەر كەشوهەوای جیهان بەجێدەهێڵێت.
ئەو زستانەی كە لەژێڕ كاریگەری (لانینا)دایە، لە زستانی ئاسایی وشكترە لە بەشی باشوری زەویدا، لە كاتێكدا بەشی باكوور ساردترو تەڕتر دەبێت. زۆرجار دیاردەكە بۆ چەند مانگێك بەردەوام دەبێت، هەندێجاریش بۆ چەند ساڵێك بەردەوام دەبێت، وەك دەبینین ئەمە ساڵی سێیەمە كە (لانینا) بەسەر كەشی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی زەریای هێمدا زاڵەو كاریگەری بەسەر جیهانەوە بەجێهێشتووە.
لەبەرامبەر (لانینا)دا، دیاردەی (ئێل نینۆ) هەیەو بەپێچەوانەوە پلەی گەرمای ڕووكەشی زەریای هێمن ئاسایی دەبێت و پاڵەپەستۆیەكی ڕووكەشی بەرز لە ڕۆژاوای كەمەرەیی زەریاكەوە دەهێنێت. لەم كاتەشدا ڕێژەی شێ و دابارین ئاسایی دەبێت.
وەك هەمووان دەزانین و لە زانستدا خوێندوومانە، ئەگەر بەستەڵەكەكانی سەر زەوی ئەو ڕۆڵە ببینن كە فرێزەری ساردكەرەوە(سەلاجە) دەیبینێت و ناهێڵێت ئامێرەكە تێكبچێت، ئەوە زەریاكان ڕێكخەری سەلاجەو فرێزەرەكەن، واتە ڕێكخەری كەشی سەر زەوین. هەر تێكچوونێك لە سیستمی ئەم رێكخەرە سروشتییەدا، دەبێتە هۆی تێكچوونی كەشی سەر زەوی.
پێشبینییە زانستییەكان بەدووری نابینن دیاردەی لانینا تا بەهار بەردەوام بێت و بەم شێوەیەش كاریگەری لەسەر كۆی كەشوهەوای جیهان دروستدەكات. هەڵبەتە كاریگەرییەكان تایبەتمەندی ناوچەییان هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لەیەكەوە نزیكن، دیارترینیان كەمیی دابارینە بەتایبەتی لە ناوچە كەمەرەیی و نیوە كەمەرەییەكاندا.
وەرزێكی تری وشك، كاریگەرییەكی زۆری دەبێت بەسەر ڕێژەی دابارین و سەرچاوەكانی ئاوەوە لە جیهاندا. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە هەموو شوێنێكی تر زیاتر كاریگەر دەبێت. دوو وەرزی وشكەساڵیی بەدووای یەكدا پاڵەپەستۆیەكی زۆریان لەسەر سەرچاوەكانی ئاو، كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی دروستكردوە، ناوچە گوندنشینەكان بەتایبەتی زیانمەند بوون و وەرزێكی تر سێیەم، ڕووبەڕووی واقعێكی سەختیان دەكاتەوە.
دەكرێ هەموو ڕێگایەك بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان بەكار بگیرێتە بەر، بەتایبەتی وەبەرهێنان لەو بڕە دابارینەی هەیە، تەنانەت ئەگەر كەمیش بێت. جاران لە لادێكانی كوردستاندا شتێك هەبوو ناوی (هەوراو) بوو، چاڵێك بوو بۆ گلدانەوەی بارانی بەهاران. هەڵبەتە ئەو كاتە ڕێژەی بەهەڵمبوون كەمبوو، لەمڕۆدا هەوراو بەرگەی چەند ڕۆژێك ناگرێت و ئاوەكەی دەبێتە هەڵم، بۆیە دەكرێ لادێنشینەكان بیر لە دروستكردنی هەوراوی ژێرزەمین بكەنەوەو لە شوێنێكی وادا كە خاك و خۆڵەكەی فشەڵ نەبێت و توانای گلداندەوەی ئاوی هەبێت بۆ هاوین. كەسانی پسپۆرو شارەزاش لە دامەزراوە ئەكادیمییەكاندا دەتوانن لەمەیاندا یارمەتیدەری دانیشتوان بن لە دیاریكردنی شوێنی هەوراوەكاندا.
ئەوەی تێبینی دەكرێت حكومەت لە دوو ساڵی رابووردودا پلانێكی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشكەساڵی نەبووە، تا ئەم چركەساتەش كاریگەرییەكانی گۆڕانكاری كەشوهەوا بەشێك نین لە بیركردنەوەی زۆربەی دەسەڵاتدارانی كورد. دامەزراوەكانی بواری سەرچاوەو دەرامەتە سروشتییەكانیش، بەشی ئەوەندە دەسەلات و پلانیان پێیە كە حكومەت دابینی دەكات و بڕیاریان دەداتێ. جگە لە توانای تاكە كەسی، دامەزراوە ئەكادیمییەكانی كوردستان بەلای ئەم كێشانەدا ناچن، لە كاتێكدا گەورەترین بەرپرسیارێتیی مێژووییان دەكەوێتە ئەستۆ.
لەپاڵ ئەم بێباكییەی حكومەت و وەرزی سێیەمی (لانینا)دا، باشترە دانیشتوانی لادێكان هەوراوی ژێرزەوی بچووك دروست بكەن و هیچ نەبێت بڕێك ئاو بۆ وەرزی تینوێتی گلبدەنەوە.

 

ئۆدیسا لەڕەوشێكی سەختدایە
پێت ئۆدیسا لەڕەوشێكی سەختدایە
هێرشێك لە مەكسیك كوژرانی حەوت كەسی لێكەوتەوە
دوات هێرشێك لە مەكسیك كوژرانی حەوت كەسی لێكەوتەوە
پەیوەنیدر