سەرلەنوێ پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە کارنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە دەنگی لەسەر دەدرێت یان جارێکی دیکە دوادەخرێت.
بە پێی کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، بڕیارە سبەینێ شەممە دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.
تا ئێستا چەند جارێك دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە دواخراوە، ئەویش بە هۆی ئەوەی شیعە و سوننەکان نایانەوێت بە تەنها هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا و داوا دەکەن پرۆژەکە فراوان بکرێت بۆ ئەوەی چەند شارێکی دیکەش بکرێنە پارێزگا.
تا ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئەو داوایەیان ڕەتکردووەتەوە و جەخت دەکەنەوە لە پاراستنی تایبەتمەندی هەڵەبجە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرا.