ئەندامانی یەکێتی لەسەر کۆنگرەی پێنجەم چی دەڵێن؟



ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە و هەڵبژاردنی ئەنجومەکان گفتوگۆ و دەنگدان دەکرێت.

ئەندامان و بەرپرسانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەم لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان دا.

سەرکۆ گەڵاڵی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگەیاند، ” ئەندامانی کۆنگرە کاتژمێر ٩ بۆ ١٠ دەتوانن بەشداری هەموارکردنەوەی پەیڕەو بکەن، گفتوگۆی ئەندامانی کۆنگرە لەو شەش لیژنەی پێکهێنراوە تا کاتژمێر ٢ بەردەوامدەبێت، دواتر کۆنگرە دەستپێدەکاتەوە و دەنگدان لەسەر بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجامدەدرێت”.

وتیشی، ” سێ ئەنجومەن دروست دەبێت بریتین لە: ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کە گفتوگۆ لەسەر ژمارەی ئەندامانی دەکرێت، لە نێوان ٥١ بۆ ٦١ ئەندام دیاریدەکرێت، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی لە نێوان ٢١ بۆ ٣١ ئەندام دەبێت و سکرتێری بۆ دادەنرێت، ئەنجومەنی پشتیوانی کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات لە ٧١ بۆ ١٠٠ دەبێت و دەنگدانی لەسەر دەکرێت، ئەمڕۆ پەیڕەو و هەموارکردنەوەی دەنگی لەسەر دەدرێت و سبەینێ هەڵبژاردن دەکرێت”.

فەهمی بورهان، سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ڕایگەیاند، ” کۆنگرەکە دەتوانێت ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، تێیدا کێشەکانی ناو یەکێتیی و کۆمەڵگەی کوردی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بە ئامانجی دروستکردنی هێزێکی سیاسی، کە توانای وەڵامدانەوەی پرسیارە مێژووییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی هەبێت”.

غازی کەرکوکی، ئاماژەی بەوەکرد، ” کەموکورتیییەکانی حزب بە تەنها دوو ڕۆژە چارەسەر نابێت، گرفت و نیگەرانی زۆر هەیە کە سەرجەم خەڵکی کوردستان دەیزانن، هاوکات ئێمەش بەشێکین لەوانەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات”.

وتیشی، ” نیگەرانییەکان و کێشەکان لە ڕێگەی لیژنەی سکاڵاوە پێشکەشدەکرێت و خۆم ١٠ بۆ ١٥ سکاڵام نوسیووە، یەکێتییەکان ئازادن و دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشبکەن”.

غازی کەرکوکی، ڕایگەیاند، ” ئاساییە بەشێک لە ئەندامان بەشداری کۆنگرەکە نەبووبن، ئەمەش بە مانای یەکێتی نەبوونیان نایەت، ڕاستە جیابوونەوەی بەشێک لە ئەندامان و بەرپرسانی یەکێتی زیان دەگەیەنێت، بەڵام یەکێتی وەک خۆی دەمێنێتەوە چونکە مێژوویەکی درێژی هەیە”.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە خۆ کاندیکردنەوەی وتی، ” پێتان خۆشە کاندیدبم بۆ سەرکردایەتی؟ ئەگەر پێتان خۆشە خۆم کاندید دەکەمەوە.”

هاوکات بڵێسە جەبار فەرمان سەبارەت بە خۆ کاندیدکردنەوەی وتی، ” دەبێت بزانم ڕکابەرەکانم کێن و دەردەچم یاخود نا، ئەو کاتە بڕیاردەدەم”.

جەزا سەید مەجید، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ” خۆم هەڵدەبژێرمەوە بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئاساییە بەلامەوە ئەگەر دەرنەچم و یەکێتی هەر کارێکم پێبدات ئەنجامی دەدەم”.

دوێنێ كۆنگره‌ى پێنجه‌مى یه‌كێتى له‌ته‌لارى هونه‌رى شارى سلێمانى به‌به‌شدارى ٦٠٠ ئه‌ندام ده‌ستىپێکرد، شەش لیژنە پێکهێنرا و بڕیارە ئه‌مڕۆ په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبه‌كه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.

تەلار لەتیف ڕوونکردنەوە لەسەر رووداوی قادرمەکەی کۆنگرە دەدات
پێت تەلار لەتیف ڕوونکردنەوە لەسەر رووداوی قادرمەکەی کۆنگرە دەدات
بومەلەرزە ئەم وڵاتەی هەژاند
دوات بومەلەرزە ئەم وڵاتەی هەژاند
پەیوەندیدار