وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی راگرتنی دەوام لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك دەدات و بڕیار دراوە تا 20 ڕۆژی دیكەش مامەڵەی هاووڵاتییان رایی نەكەن .
وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی جەردی ساڵانەوە لە نووسراوێكدا فەرمانی راگرتنی دەوام لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك دەدات و فەرمانەكەش لە سبەینێ 11ی كانوونی یەكەمی 2022 تا سەری ساڵی نوێ جێبەجێ دەكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، كە تا 20 ڕۆژی دیكە مامەڵەی هاووڵاتییان رایی نەكەن و تەنیا فەرمانبەران دەوام بكەن ، فەرمانگەكانیش بریتین لە فەرمانگەی جێبەجێكردن و تەواوی ئەو فەرمانگانەی دیكە، كە ئەركی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگایان هەیە.
ئەمە لەكاتێكدایە، لە كۆتایی هەموو ساڵێك بەشێك لە فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتەكانی داد و دارایی، كارەكانیان بە مەبەستی جەردی ساڵانە رادەگرن.