شەوی ڕابردوو، لە ئاهەنگێکی بووک گواستنەوەدا لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای موسڵ ئاگر کەوتەوە، بەهۆیەوە تا ئێستا ١١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٥٠٠ کەس برینداربوون.
بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان، لە ئاهەنگەکەدا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس لەو هۆڵەدا بەمەبەستی ئاهەنگگێڕان کۆبوونەوتەوە و زۆرینەیان خزم و کەسوکاری یەکتربوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووداوەكەی قەزای حەمدانیەوە پەیامێكی هاوخەمی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خێزان و كەسوكاری ئەو قوربانییانە دەكەم و ئامادەی هەموو یارمەتیدان و هاوكارییەكین، لە خوای مەزن داواكارین گیانی قوربانییان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە خێزان و كەسوكاریان ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی هاوسۆزی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە کرد و ئامادەیی خۆی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی و ڕایگەیاند، پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكار و بنەماڵەی قوربانییەكان دەكەم و لە خوای گەورە داواكارین ئارامی و سەبوورییان پێببەخشێت.
دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکەی حەمدانیە دەکات، ڕێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆئەوەی ڕووداوی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و وتیشی، ” ئەوەی ڕوویدا کارەساتێکی بە ئازارە و دڵمان لای ھەموو عێراقییەکانە.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕایگەیاند، ڕوداوی دڵته‌زێنی ئاگركه‌وتنه‌وه له هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕان له قه‌زای حه‌مدانییه ( به‌خدێدا) كه بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدان و سوتانی سه‌دان كه‌س، زۆر خه‌مباری كردین.
وتیشی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و هه‌مو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووە به هانای لێقه‌وماوانی روداوه‌كه‌ی حه‌مدانیه‌وه بچن و ئێستاش ئاماده‌یی بۆ هه‌مو هاوكارییه‌كی پێویست دوپاتده‌كه‌نه‌وه.