هەڵبژاردەی فەرەنسا پاڵەوانی مۆندیالی پێشوو هەوڵدەدات بۆ جاری دووەم لەسەر یەك لە چارەكی كۆتایی مۆندیالی قەتەر و لە یاریگای بیت لە خۆر، لە ئینگلتەرا بباتەوە، ئینگلتەراش دەیەوێت دەستكەوتی ساڵی 1966 بەدەستبهێنێتەوە و هیواخوازە هەمان بردنەوەی هاوینی ڕابردووی جامی ئەوروپا دووبارە بكاتەوە.
وێڕای بەهێزی هێرشبردنی “كەڵەشێرەكان” لەگەڵ كیلیان مپاپێی گۆڵكاریی پاڵەوانێتییەكە كە تائێستا پێنج گۆڵی هەیە، هەڵبژاردەی “سێ شێرەكە” كە پڕچەكن بە گیانی لاوێتی، دەیەوێت بردنەوەی هاوینی ڕابردووی لە فەرەنسا دووبارە بكاتەوە.
ئەم دوو هێزە ئەوروپاییە كە تەنیا چەند كیلۆمەترێكی كەم لە یەكەوە دوورن، تەنیا دوو جار لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بەر یەك كەوتوون، لە ساڵی 1966 ئینگلتەرا بە دوو گۆڵ برنەوەی بەدەستهێنا و لە ساڵی 1982 بە ئەنجامی 3-1 هەمان سیناریۆی دووبارەكردەوە.
فەرەنسا چوار ساڵ لەمەوبەر ناسناوی مۆندیالی لە ڕووسیا دەستەبەركرد و لەڕێی بردنەوەی بە ئەنجامی 3-1 لە پۆڵەنداش لەم مۆندیالەدا گەیشتە قۆناغی هەشت.
هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لە دوای بردنەوەی لە سەنیگال بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر گەیشتە قۆناغەكە و خوازیارە درێژە بە كاروانی ماوەی بدات لە مۆندیال و لە دوای 56 ساڵ جارێكی تر چێژ لە بەدەستهێنانی ناسناوەكە ببینێت.