ڕاوێژكارێكی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیادی “ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی” ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستاندا ڕایدەگەیەنێت، ئێمە لە ریفراندۆمدا مێژوویەكی جیاوازمان دروستكرد و بەخۆشحاڵییەوە بارزانی رێبەرایەتی ئەو ڕەوتەی كرد.
ئەمڕۆ 25ی ئەیلولی 2023 ماوەی 6 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ساڵی 2017ی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، كە 93%ی دەنگی “بەڵێ”ی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر لەژێر فشاری وڵاتانی دراوسێ و هەروەها بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان و لەدەستدانی بەشێكی زۆری خاكی باشووری كوردستان، ئەو ڕیفراندۆمە هەڵپەسێردرا و دەوڵەتی كوردی ڕانەگەیەنرا.
ئازاد جوندیانی، ڕاوێژكاری مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پانێڵێكدا، كە بەبۆنەی ساڵیادی ڕیفراندۆمەوە بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سازی كردبوو ڕایگەیاند، ئێمە ڕیفراندۆممان كرد بۆ ئەوەی مێژوویەكی جیاواز دروست بكەین و بەخۆشحاڵییەوە بارزانی رێبەریاتی ئەو ڕەوتەی كرد، هەروەها ڕێبەرایەتی ئەو ئاڕاستەیەی كرد لەناو بزووتنەوەی كوردایەتیدا.
ڕاشیگەیاند، ئەنجامدانی ریفراندۆم دروستكردنی مێژوویەكی ئەرێنی بوو بۆ ئێمە، لەبارەی عێراقیش دەڵێت: “عێراق دەوڵەتی نەتەوەی عەرەبە و هی كورد نییە، دەوڵەتێكی دیموكراسی و مافی هاووڵاتییبوونی تێدا نییە”.
ئازاد جوندیانی، ئاماژەی بەوەدا، ریفراندۆمی ئێمە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، “كارێك بوو پێچەوانە بوو لەگەڵ ئەو مێژووەی عەرەب بە حەتیمیەتی مێژووی دەزانێت، كە ئێمە ژێردەستەی ئەوان بین”.
وتیشی: “ئێمە لە ریفراندۆمدا مێژووەیەكی پێچەوانەمان دروستكرد و مێژوویەكمان بە ئیرادەی خۆمان دروستكرد، هەروەها مێژوویەكمان دروستكرد، كە پێمانوایە رەتكردنەوەی ئەو مێژووەی كە داگیركەرانی كوردستان دەڵین، ئێوە قەدەرتان وایە كە بەو شێوەیە ژێردەستە بن و دەبێت پێی ڕازیبن”.
جەختیشی كردەوە، “ئێمە لە ڕیفراندۆمدا بە رێبەرایەتی بارزانی مێژوویەكی نوێمان دروستكرد”.