وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق، کوژاندنەوەی هەموو ئەو قەرزانەی، کە لەسەر بنەماڵەی شەهیدان كەڵەكە بوون ڕاگەیاند.
ئەحمەد موسەوی، سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، دەسەڵاتی پاراستنی کۆمەڵایەتی ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەسەر کەسوکاری شەهیدان زیاد بووە، ڕاگرتووە.
ئاشكراشی كردووە، ڕاگرتنی وەرگرتنەوەی قەرزەكە لە 1ی ئەیوولی ٢٠٢٣ەوە جێبەجێ کراوە و دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی هەڵدەستێ بە كۆكردنەوەی ئەو بڕە پارانەی دەمێننەوە تاوەكو ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر و ڕەزامەندی فەرمی وەربگرێت بۆ کوژاندنەوەی لەسەر كەسوكاری شەهیدان.