بڕیارە بەمنزیکانە بەردی بناغەی پردی توەقوت دابنرێت، کە پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژییە بۆ پارێزگای هەڵەبجە، تێچوی پڕۆژەکە زیاتر لە ٣٠ ملیار دینارە و یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتوانی هەڵەبجە، ئەو پردە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوی عێراق تەقێنراوەتەوە.
پردی توەقوت، دەرچەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری دەبێت بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە، بە تەواوکردنی دەتوانرێت بۆ زۆر مەبەستی دیکه سوودی لێ وەربگرێت و پردەکە پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە.
پشتیوان محەممەد، لەبارەی دروستکردنی پردەکەوە دەڵێت، “دروستکردنی پردی توەقوت بۆ هەڵەبجە گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، چونکە یەکێک لە گرفتەکانی هەڵەبجە داخراوبوونیەتی، ئەوەش کێشەی بۆ بەڵێندەر و بازرگانان دروستکردووە، پڕۆژەکە گرنگی زۆری دەبێت بۆ بوژانەوەی هەڵەبجە”.
بڕیار بوو ساڵی ٢٠٢١ دەست بە پڕۆژەی پردی توەقوت بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخی هەرێمی کوردستان بۆ ئیستا دواخراوە.
جەمال عومەر، بەڕێوەبەری بەشی پلاندان لە پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، پڕۆژەی پردی توەقوت، تەنیا بریتی نییە لە پردەکە، بەڵکو پرد و رێگاکەیەتی، تەنیا رێگاکەی ٢٧ کیلۆ مەترە، هەروەها درێژی پردەکە ٢٥٠ مەترەو بە گوژمەی ٣٠ ملیار و ٣٤٥ ملیۆن دینار، ماوەی تەواوبوونی پرۆژەکە ٧٢٠ ڕۆژ دەخایەنێت.
پردی توەقوت لە کۆتایی شەڕی نێوان عێراق – ئێران تەقێندراوەتەوە، ئەوپرده پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە و یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پارێزگای هەڵەبجە.