ئەحمەد حاجی ڕەشید: حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 ترلیۆن دینار قەرزارە



ئەندامێکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 ترلیۆن دینار قەرزدارە، کە دەکاتە بودجەی زیاتر لە 3 ساڵی پشکی حکومەتی هەرێم.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،”بە پێی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق لە ناو لیژنەی دارایی، هەرێم زیاد لە پشکی خۆی (لە سەروو پشکی خۆیەوە) 5 ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە.”

ڕاشیگەیاند، “پێشتریش سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو، هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە. بە پێی قسەی ئەم کابینەیەش بێت حکومەت 2 ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەکەی تر ماوە کە دەکاتە نزیکەی (43.500 ترلیۆن و پێنج سەد ملیار) دینار بە نرخی ئەمڕۆی دۆلار بەرامبەر بە دینار، کە کۆی گشتی دەکاتە زیاتر لە 50 ترلیۆن دینار.”

ئەو پارانەی کە حکومەتی هەرێم قەرزدارە، پێکهاتووە لە پشکی کۆمپانیاکان، پارەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران و ئەو بڕە پارەیەی کە حکومەتی هەرێم لە ناوەندی وەرگرتووە وەکو قەرز.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتیش لە وەزارەتی دارایی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا، سەرەڕای ئەوەی نەیشاردەوە حکومەت قەرزدارە، وتیشی ،”ئەنجامی کۆبوونەوەکان بە دڵی ئێمە نەبوون وەک وەفدی هەرێم.”

سەرچاوەکە ڕایگەیاند، “ڕاستە حکومەت قەرزار بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمساڵ هەرچۆن بێت بودجە تێپەڕێت، خەرجی فعلی لە یاسای بودجە زۆر بە زیانی ئێمەیە، دەمانەوێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجی فعلی جیا بکەینەوە، دەچینەوە دانوستانێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.”

دەشڵێت، “دەمانەوێت، کێشەکان بە سیاسی چارەسەر بکەین چونکە کێشەکان سیاسین لە ساڵی تازەدا گفتوگۆ دەستپێدەکەین، چونکە لەیاسای بودجەدا، بۆمبی زۆر بۆ کورد دانراوە.”

هەرچەندە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، دۆخەکەی بە مەترسی لەسەر حکومەتی هەرێم ناو برد، بەڵام ڕایگەیاند، ئەگەر حکومەتی عێراق داوای قەرزەکانیشی بکاتەوە، پێدەچێت بەشێوەی قیست و مانگانە بێت، نەک هەموو بەشە پشکی هەرێم ببڕێت.

ڕایگەیاند،”ئەگەر لێپرسینەوە لە هەرێم بکەن لەسەر ئەوەی قەرزی وەرگرتووە، دەبێت پاکتاو بکرێت، پێدەچێت بە قیست وەری بگرنەوە.”

تۆڕێکی نوێی کارەبا بۆ گەڕەکێک دەبرێت
پێشت تۆڕێکی نوێی کارەبا بۆ گەڕەکێک دەبرێت
بڕیارێکی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار درا
دواتر بڕیارێکی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار درا
ەیوەندیدار