كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرای دەكات، سەرجەم ئامادەكارییەكانی تەواوكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا.
عیماد جەمیل، وتەبێژی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، وەك كۆمسیۆن ئامادەكارییەكانمان تەواوكردووە بۆ دانانی بەرنامەی پڕۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو بابەتە بنەڕەتییەی، كە كارمان لەسەر كردووە، نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بووە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە ڕێژەی نوێكردنەوەش زیادیكردووە، بەشێوەیەك هەولێر زۆرترین رێژەی تۆماركردووە و سلێمانیش لە پلەی دووەمە و دهۆك-یش سێیەمە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە نێوان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و حكومەتی هەرێم ڕێككەوتن كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی دیاریكراودا، كە 25ی شوباتی 2024یە.
بەپێی مەرسومی هەرێمی، كە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەركراوە، ڕۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری كراوە، ئەوەش دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی و بەوەش پەرلەمانی هەرێم هەڵوەشێنرایەوە.