هەڤاڵ ئەبوبەكر: دابەشنەكردنی مووچە مەترسیە لەسەر قەوارەی هەرێم



 

پارێزگاری سلێمانی داوا لە حكومەتی هەرێمی كورستان دەكات “بەزوویی” دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات و ڕایدەگەیەنێت، حكومەت چۆن پارە پەیدا دەكات ئەوە ئەركی خۆیەتی و كێشەی فەرمانبەر نییە و دەبێت 30 ڕۆژ جارێك مووچە بدرێت.

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێم بە زوویی مووچە دابەش بكات و لە هیچ كاتێك و لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ بیانوویەك مووچە ڕانەگرێت.

ئاشكراشی كرد، ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران ئەو ئامانجە دەهێنێتە پێشەوە، كە ئێستا بۆتە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت خەڵكی ناوخۆی خۆمان بكەن بەگژ حكومەتی خۆماندا، بۆیە نابێت حكومەت كەمتەرخەمی و بێ‌ باكی بەرامبەر ئەم پرسە بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، تەنها خەڵك نییە سەرگەردان بوون و 90 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، بەڵكو بازاڕ و ژیانی گشتی وەستاوە و خوێندن و نەخۆشخانەكان وەستاون، هەرچەندە سوپاسی تەواوی فەرمانبەران دەكەم، كە بەتەواوی دەوامیان ڕانەگرتووە و نەیانهێشتووە بەتەواوی خزمەتگوزارییەكان لە كۆی سێكتەرەكان بوەستێت.

جەختیشی كردەوە، حكومەت چۆن پارە پەیدا دەكات ئەوە ئەركی خۆیەتی و كێشەی فەرمانبەر نییە، چونكە فەرمانبەر لە قازانجدا بەشداری نەكردووە تا لە زەرەردا بەشداربێت و دەبێت مووچە بكرێتەوە بە 30 ڕۆژ جارێك، چونكە ژیانی خەڵك زۆر خراپە.

كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا
پێت كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا
وەزیری ئاوەدانكردنەوە: شەمەندەفەرەكە خەون نییە و هەرێم دەبێت بە خاوەنی هێڵی ئاسن
دوات وەزیری ئاوەدانكردنەوە: شەمەندەفەرەكە خەون نییە و هەرێم دەبێت بە خاوەنی هێڵی ئاسن
پەیوەنیدر