دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیركردنی چەند كەسێك لە سنوری قەزای چەمچەماڵ رادەگەیەنێت، كە تۆمەتبارن بە نانەوەی پشێوی و تەقەكردنی لە ماڵان و شەقام و شوێنە گشتییەكان.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:” هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لەماوەی مانگێكدا هەشت تۆمەتباریان بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیركردووە، كە هەستابوون بە نانەوەی پشێوی و تەقەكردنی لە ماڵان و شەقام و شوێنە گشتییەكان”.
ئاسایش دەشڵێت:” جگە لە دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان، سەرجەم ئەو چەكە بێمۆڵەتانەشی كە بەكاریان هێنابوو، دەستیان بەسەرداگیرا”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەو بەپێی ماددەكانی (٤٩٥ – ٤٣٠ – ٤٠٥) لەیاسای سزادان، راگیراون و لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانیان بەردەوامە.