ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایە و دەشڵێت: “دەسەڵات زۆر بێباكە بەرامبەر ماف و ئیمتیازی فەرمانبەران و مامۆستایان”.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 23/9/2023 لەشاری سلێمانی، لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی گشتی “سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەكگرتوو” سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ڕایگەیاند: حكومەت لەخراپترین دۆخی هەستكردن بە مەسئولیەتدایە و ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان كردووە.
وتیشی، ” حكومەت جگە لەشكستهێنانی لەپرسی دیبلۆماسی و گفتوگۆكاندا، لەبواری پەروەردەشدا گەورەترین شكستی هێناوە، كە بەداخەوە هەستی پێناكەن، چونكە پێشكەوتنی هەر گەل و نەتەوەیەك بەندە بە پەروەردە و فێركردن، كە لەهەرێم فەرامۆش كراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “نەوەكانمان لە هەركات زیاتر پێویستیان بە پەروەردە و فێركردنە لە قۆناغی باخچە تاوەكو زانكۆ و جێگەی نیگەرانیمانە، كە دەسەڵات زۆر بێباكە بەرامبەر ماف و ئیمتیازی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی”.