ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، پێشنیارێک سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، هاوکات جەختیشدەكاتەوە، كە حكومەتی هەرێم بەو بابەتە ڕازی نابێت، هاوكات سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی جەخت لەسەر هەمان پێشنیار دەكەنەوە بۆ چارەسەربوونی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
سەرەڕای پەسەند كردنی یاسای بودجە، بەڵام هێشتا بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بەتەواوی ڕەوانە نەكراوە و هەریەكە لە هەولێر و بەغدا یەكتری تۆمەتبار دەكەن بە پابەند نەبوون بە جێبەجێ كردنی بڕگەكانی یاساكە و لەو نێوەندەشدا فەرمانبەرانی هەرێم ماوەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و حكومەتی عێراق لە هەفتەی ڕابردوودا بڕیاری داوە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بە قەرز بنێرێت، كە تا ئێستا نەنێردراوە.
فازیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، “پشکی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکە، کە زۆر بەدەستیەوە دەناڵێنین، بەتایبەتی پرسی مووچەی فەرمانبەران، بەهۆی نەبوونی شەفافیەت و دیدگایەکی ڕوون بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم”.
وتیشی، “باشتر بوو حکومەتی بەغدا و هەولێر لەسەر یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە بانکە حکومییەکان ڕێکبکەون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هاووڵاتییانی کورد، عێراقیین و دەبێت لەکاتی خۆیدا مافی دارایی خۆیان وەربگرن”.
فەتلاوی ڕوونیشی کردەوە، نەبوونی متمانەی هەرێمی کوردستان لە گەیاندنی ئەو بڕە پارە داراییانەی لە حکومەتی فیدراڵیەوە دەنێردرێت بۆ فەرمانبەران، سەرلێشێواوییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و وتیشی، “پێشێلکاری زۆر لەم دۆسیەیەدا هەیە”.
لای خۆشیەوە، باقر ساعدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لیژنە هاوبەشەکانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم زۆر کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، کە بووە هۆی ڕێککەوتن لەسەر پێدانی ڤیزا کارت لە فەرمانبەرانی هەرێم و یەکێک لە خاڵە دیارەکانی ڕێککەوتنەکە بەستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە بە وەزارەتی داراییەوە.
تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی (7 و 8 و 9)یان وەرنەگرتووە و نە حكومەتی هەرێم ئامادەیە لە داهاتی ناوخۆی ئەو سێ مانگە مووچەیەك دابەش بكات یان میلاكی فەرمانبەران بەتەواوی ڕادەستی بەغدا بكات، نە بەغداش گەرموگوڕە لە ناردنی پارە و وەرگرتنی دۆسیەی فەرمانبەران و بەستنەوەی ڕاستەوخۆ بە وەزارەتی داراییەوە تاوەكو لەگەڵ فەرمانبەرانی شارەكانی دیكەی عێراق مووچەی هەرێمیش بدات، هەرچەندە چەند جارێك باسی ئەو پرسە كراوە.
هاوكات، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێم ئامادە نەبووە فەرمانبەرانی بە حكومەتی فیدراڵییەوە ببەسترێنەوە و لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مووچەیان پێ دەدرێت.
باسی لەوەكردووە، هەندێك لایەن لەپێناو ڕازیكردنی جەماوەر و ئەوانەی دەنگیان پێداون هاووڵاتیانی هەرێم لە مافەكانیان بێبەش دەكەن.
وتیشی، “پێویستە حكومەتی عێراقی بەشێوەیەكی ورد و لەپێناو هاووڵاتیان، نەك بە مەرامی سیاسی، مامەڵە لەگەڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمدا بكات”.
پێشتریش، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، كە لە كۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران باسی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە كردووە و لە بەرامبەردا سودانی پێی وتووە، كە حكومەتی هەرێم بەوە ڕازی نەبووە، ئەگینا لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراق ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەكەین.