ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی دابینکردنی ئارد بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆی، نرخی نان و سەموون بۆ هاووڵاتیان دادەبەزێت.
سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند: “کۆمپانیایەکی ناوخۆی دابەشکردنی ئاردی بۆ نانەواخانە و سەموونخانەکان دەستپێکردووە، کە فەردەیەک ئاردیان بە ٢٨ هەزار دینار پێدەدات.”
سۆران عەبدولغەفوور ئاماژەی بەوەشکرد، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بەگشتی و سلێمانی بەتایبەت، ئاردی هاوردەکراوی تورکیا، رووسیا، ئێران و ئاردی بەشەخۆراکی مانگانە هەیە، گرانترینیان ئاردی تورکییە و فەردەی بە ٣٦ هەزار دینارە، هاوکات پاش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بەهۆی هاوردەکردنی ئاردەوە نرخی نان و سەموون زیادیکرد، ئێستا لە ڕێگەی دابەشکردنی ئارد لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخی نان و سەموون دەدرێت.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی باسی لەوەکرد، ” ئەو ئاردە لە ناوخۆ بەرهەمدەهێندرێت و کۆمپانیاکە لە ڕێگەی دابەشکارەکانییەوە دەیداتە نانەواخانە و سەمونخانەکان، گەنمەکەی لە دەرەوەی وڵات دەکڕدرێت و لە سایلۆکانی ناوخۆدا ئاردی لێ بەرهەمدەهێندرێت کواڵێتییەکەی لە تورکییەکە باشترە و فەردەیەکی بە هەشت هەزار دینار کەمترە”.
سۆران عەبدولغەفوور بۆ (خەڵک) جەختی لەوەکردەوە، دەست بە دابەشکردنی ئاردەکە کراوە بەسەر تەواوی نانەواخانە و سەمونخانەکاندا و لە ماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتەدا چاودێریی بازاڕ دەکرێت بۆ دابەزینی نرخی نان و سەموون.
ئاری تورکی فەردەی بە ٣٦ هەزار دینارە، هەروەها ئاردی رووسی فەردەی بە ٣٢ هەزار و ئاردی بەشەخۆراکی مانگانەش فەردەی بە ١٨ هەزار دینارە.
ئێستا لە نانەواخانەکاندا نرخی ٦ نان بە هەزار دینارە بە گونکی ١٣٠ بۆ ١٣٥ گرامی، هەروەها نرخی ٨ نان بە گونگی ٩٠ بۆ ١٠٠ گرامی بە هەزار دینارە، دوای دابەشکردنی ئارد لەلایەن ئەو کۆمپانیا ناوخۆییەوە نرخی نان لەوەی ئێستای زیاتر دادەبەزێت.