سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە ناردنی پارە بۆ هەرێم و پرسی پاکتاوکردن دەچێتە کۆتایی ساڵەوە. دەشڵێت، ” هیچ قەیرانێک لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە.”
محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ قەیرانێک لە نێوان هەرێم و بەغدا نییە و تەنها چەند کێشەیەکى یاسایی هەبووە لە گفتوگۆکانیان ئەوانیش چارەسەرکراون وتیشی،”هەرێمى کوردستان بەشێکى کارایە لە پرۆسەى سیاسی عێراق.”
قسەکانى سودانى دواى هەفتەیەک دێت لە بڕیارێکى حکومەتى عێراق بۆ پێدانى ٧٠٠ ملیار دینارى مانگانە بە هەرێم بۆ ئەوەى موچەى فەرمانبەرانى پێ دابین بکات.
ڕێکارەکانی ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم لەلایەن بەغداوە تەواو بووە و بە ئەگەرێکى زۆر لەگەڵ دەستپێکردنەوەى دەوامدا پارەکە بە دوو گوژمە دەخرێتەسەر حسابى بانکى وەزارەتى دارایی هەرێم و پێشتریش حکومەتى هەرێم ڕایگەیاندبوو، لەگەڵ گەیشتنى پارەکەی بەغدا دەست بە دابەشکردنى موچەى مانگى حەوت دەکرێت.