بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) دوو ڕۆژی جیاواز لە عێراق و هەرێم كرانە پشووی فەرمی.
بەپێی خشتەی پشووە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕۆژمێری ماڵپەڕی فەرمی حكومەت بڵاوكراوەتەوە، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو 28ی ئەیلول دەبێت بە پشووی فەرمی بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ).
لای خۆشیەوە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری سەروەری مرۆڤایەتی محەمەد (د.خ) ڕۆژی چوار شەممەی داهاتوو 27ی ئەیلول دەبێتە پشووی فەرمی.
جیاوازی بۆنە ئایینی و پشووەكانی ساڵی كۆچی لە ناوچەكانی عێراق بەتایبەت لە نێوان سوننە و شیعە دەگەڕێتەوە بۆ دیاری كردنی سەرەتا و كۆتایی مانگەكانی ساڵی كۆچی و بەوهۆیەشەوە، سەرەڕای پشووەكان، زۆرجار كاتی ڕەمەزان و جەژنەكانیش جیاواز دەبێت.