قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لەسەر وەزیری پێشمەرگە پەیام بۆ یەكتر دەنێرن



جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پڕۆسەی چاكسازی وەك پێویست بەڕێوەناچێت و لە بەرامبەریشدا سەرۆك وەزیرانی هەرێم دەڵێت: “ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک”

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازی لە شاندێكی باڵای سەربازی ئەمریكا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ ڤۆوڵ، فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر لە فڕۆكەخانەی عەربەت تاوتوێ كران.

بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، “هەردوولا هاوڕابوون، كە دۆخی ئەمنی ناوچەكە بە گشتی ئاڵۆز بووە و پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان هاوپەیمانان و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان”، جەختیشیان كردەوە لەسەر پێویستیی دانانی وەزیرێكی پێشمەرگە بە وەكالەت تا بتوانێت هەماهەنگی دروست بكات لەنێوان ئەو هێزانەدا بۆ كاری هاوبەش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان.

قوباد تاڵەبانی وتی، “بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پڕۆسەی چاكسازی وەك پێویست بەڕێوەناچێت، هەربۆیە كاندیدێكیان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت دەستنیشان كردووە، هیواشی خواست رێوشوێنەكانی دەستبەكاربوونی بە خێرایی تەواو بكرێت تا جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی لە هێزەكانی پێشمەرگەدا بكەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی كە پلانی بۆ دانراوە”.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژە تیرۆركرا لە فڕۆكەخانەی عەربەت، شاندی سەربازی ئەمریكا بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەكانی دژەتیرۆری كوردستان كرد و هیوای چاكبوونەوەی خێرایان بۆ بریندارەكانیش خواست.

جێگری سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، “هێزەكانی دژە تیرۆر بە درێژایی دوو دەیەی ڕابردوو هاوپەیمانێكی سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان بوون لە بەرەنگاربوونی تیرۆر لە ناوچەكەدا و دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانەش مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق و ناوچەكەش دروست دەكات، هەربۆیە پێویستە حكومەتی عیراق و هێزەكانی هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست هەڵوێستی جدی و هەنگاوی كردەیی بنێن بۆ ڕێگری كردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی سەرەوەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان”.

لای خۆشیەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبووەوە.

ڕاشیگەیاندووە، “پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووربخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک، کە توانایی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت”.

پلەبەرزكردنەوە بۆ وەزارەتێك دەستی پێكردەوە
پێشت پلەبەرزكردنەوە بۆ وەزارەتێك دەستی پێكردەوە
بە مووچەیەک ئابووری هەرێم دەبوژێتەوە؟
دواتر بە مووچەیەک ئابووری هەرێم دەبوژێتەوە؟
ەیوەندیدار