ساڵانێکە وشەی “قەیران” و “مووچە” بووەتە وێردی سەر زمانی کۆمەڵگە، خەڵکی ڕۆژەکانی تەمەنیان لە چاوەڕوانی هەواڵی هاتنی مووچەدا تێدەپەڕێنن، دەوترێت هەرێمی کوردستان بووەتە هەرێمی قەیرانەکان.
لەبەر رۆشنایی تێڕوانینی کەسانی ئەکادیمی و پسپۆڕ قەیرانەکان بە چەندین شێوازی جیاواز هەڵدەسەنگێندرێت، لەكوێوە سەرچاوەیان گرتووە و خەڵکیان بەكوێ گەیاندووە.
وڵاتانی جیهان باس لە گەشەی ئابووری دەکەن و هەریمی کوردستانیش باس لە قەیرانەکان دەکات، کابینەکانی حکومەت بەردەوام باس لە چاکسازی دەکەن، هاووڵاتیانیش باس لە نەبوونی مووچە و هەژاری دەکەن، دەپرسن ئەم ڕەوشە تا کەی بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت؟ ئایا هەرێمی کوردستان توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەیە؟
زیاتر لە ٣٠ ساڵە ئابووری هەرێمی کوردستان دووچاری بەرزی و نزمی دەبێتەوە، تایبەتتر دۆخی ئابووری هەرێم لە دوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە بەهۆی بڕینیبەشە بودجەکەی لەلایەن عێراق، شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت دووچاری داڕمان بووتەوە.
سەرەتای کێشەکان و هۆکاری بڕینی بودجەی کوردستان بەهۆی ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ بوو لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمەش بووە بیانوویەک بۆ حکومەتی عێراق و نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق وەک فشارێک بۆ سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم، پشکی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق ڕاگرت.
لەم ١٠ ساڵەدا کابینەکانی حکومەت نەیانتوانیووە پلانێکی ستراتیژی دابڕێژن و کاریگەری قەیرانەکان لەسەر خەڵک کەمبکەنەوە، هاوکات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارگرانی لەسەر خەڵک زیاد دەکات.
ئێستا هەژاری و بێکاری لە هەڵکشاندایە، خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوازێکی پەککەوتوویی ماوەتەوە، وەک ئاو، کارەبا، ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان.
د.نەبەرد کەریم، پسپۆڕی بواری دارایی و ژمێریاری بۆ (خەڵک) وتی: ” وێڕای قەیرانە ئابوورییەکان دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان باج و ڕسوماتی نا یاسایی لەسەر خەڵک زیاد دەکەن، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی بڕیارە نا دروستەکانی حکومەتەوە گەیشتووەتە ئەم دۆخەی ئێستا”.
حکومەتی هەرێم و عێراق، ئابووری تاک سەرچاوەیی پەیڕەودەکەن، پشکی شێری بودجەی حکومەتی عێراق بە ڕێژەی ٪٩٦ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش بەشێکە لە شکستە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
بۆ ڕزگاربوون لە قەیرانەکان حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی گەشەدان بە ئابووری فرە سەرچاوەی و گرنگیدان بە سێکتەرەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و شوێنەواری، دەیتوانی ئابووری هەرێم پێشبخات.
لە کاتێکدا بە پلەی یەکەم بۆ بوژانەوەی ئابووری پێویستبوو هەرێمی کوردستان لە بەکاربەرێکەوە کە پشت بە وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت بۆ هەناردەکردن، بکرایەتە هەرێمێکی وەبەرهێنی هاوردەکار، گەشەسەندنی هەلی کار و ڕزگاربوون لە هەژاری.
د.نەبەرد کەریم، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ” ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٤ زیاتر لە ١١٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە هاتووەتە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی بۆ ئابووری هەرێم سوودی لێنەبیندراوە، عەقڵییەتییەکی پاشکەوتووی دواکەوتوو کوردستانی گەیاندووەتە ئەم دۆخەی ئێستا”.
کاریگەری نەبوونی بودجە بۆسەرجەم سێکتەرەکانی کۆمەڵگە لە سیستمی ئابووری پێداویستی سەرەکی و لاوەکی هەیە، پێداویستی سەرەکی خواردن و شتومەکی پێویست دەگرێتەوە، هاووڵاتیانیش بەهۆی قەیرانەکانەوە گرنگی بە پێداویستییە لاوەکییەکان نادەن و کەمترین داهات بۆ خۆشگوزەرانی خەرجدەکەن.
قەیرانەکان هەرێمی کورستانی دووچاری کۆسپ کردووەتەوە، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە دۆخی سڕبووندایە، پایەی سەرەکی ئابووری و جوڵەی بازاڕ پشت بەو داهاتە زەبەلاحە دەبەستێت کە نزیکەی بە ترلیۆنێک دیناری عێراقی دەخەمڵێندرێت و ٣٠ ڕۆژ جارێک لەلایەن مووچەخۆرانەوە دەخرێتە بازاڕەوە، بۆیە نەبوونی موچە دەبێتە هۆکاری وەستانی جوڵەی بازاڕ و کاریگەری لەسەر سووڕی ئابووری دروستدەکات.
ماوەی ١٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان قەیران هەیە، چینی مامناوەند کەمیکردووە و هاووڵاتیان لە نێوان چینی هەژار و دەوڵەمەند ماونەتەوە، لە کاتێکدا بازرگانیەکانیش بەندە بە داهاتی هاووڵاتیان، ئەگینا ویست لەسەر بەرهەم نامێنێت، بەڵێندەران، بازرگانان و وەبەرهێنان دووچاری مایەپوچبوون دەبن.
هاوکات پێدانی چەند مووچەیەک کاریگەری لەسەر ڕەوشی ئابووری هەرێم دروست ناکات مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتن نابوژێتەوە، چونکە لە نێوان هاووڵاتیان و حکومەت کەلێنی متمانە دروستبووە، بە ئاسانی هاووڵاتیان داهاتەکانیان ناخەنە بازاڕەوە و کەمترینی خەرج دەکەن، لەبەرئەوەی ترسیان لە دواکەوتنی مووچەکانیان هەیە، بۆیە ئابووری بازاڕ لە ماوەیەکی کەمدا نابوژێتەوە.
د.نەبەرد کەریم بۆ (خەڵک) وتی: ” قەیرانەکانی هەرێم بە ساڵ و دوو ساڵ کۆتای نایەت، پێیوستە هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن تا بەشەبودجەی هەرێم زامنی بژێوی هاووڵاتیان بکات، قەیرانەکان بە جۆرێکە ئەگەر هاووڵاتی بە دڵنیاییەوە تا یەک ساڵی تر هەموو مانگێک مووچە وەربگرێت، هێشتا لە کاریگەری قەیرانەکان ڕزگاری نابێت.