یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات و دەشڵێت، مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران مسۆگەرە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینار قەرزەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان.
جەختیشیکردەوە کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت.
ڕێباز حەملان ئەوەشی خستەڕوو کە داهاتی ناوخۆی هەرێم 300 ملیار دینارە و بەشی دابەشکردنی مووچە ناکات، چونکە 220 ملیاری بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە دەڕوات و ئەوەی دیکەشی خەرجی و دابینکردنی پێداویستی وەزارەت فەرمانگەکان تەرخان دەکرێت.
یاریدەدەری سەرۆك وەزیران ڕاشیگەیاند، بە هۆی بڕیارەکەی حکومەتی عێراقەوە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆران مسۆگەرە.