وەزارەتی پەیوەندییەکان، کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بە ڕێژەی لەسەدا ٣٠ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕادەگەیەنێت.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی ءێراق رایگەیاند، نرخی هێلەکانی ئینتەرنێت بۆ دامەزراوە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەڕێژەی 30٪ داشکاندنیان بۆ دەکرێت و بڕیارەکەش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە،
ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە کاتێکدایە، دوێنێ هەمان وەزارەت رایگەیاند، سزای دارایی و پێبژاردن بۆ ئەو لایەن و کۆمپانیایانە دەردەکەن، کە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت و پەیڕەوییەکانی یاسای دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، مۆڵەتی کارکردنیان کڕێوەتەوە لە کۆمپانیاکانی تر، چونکە لەگەڵ دەستور و یاساکان یەک ناگرنەوە و هەرکەسێک و لایەنێک پابەندییەکانی یاسایی نەبن سزای دارایی دەدرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و پەیوەندی لە عێراق زۆرن و نرخی ئینتەرنێتیش لە کۆمپانیایەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە، وەزارەتی پەیوەندی عێراق لەچوارچێوەی کۆمەڵێک یاسا و ڕێوشێن دەیەوێت سەرجەم نرخ و کوالێتییەکان یەک بخات و بەنرخی گونجاو بدرێتە هاوبەشان.