ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەولەویەتەکانی خەرجکردن لە بودجەدا ڕوون دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، باشتربوونی داهاتی نەوت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەمڵاندنەکانی کورتهێنان و دوورکەوتنەوە لە پەنابردن بۆ قەرز.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، “دروستی کاتی خەرجکردن لە بودجەی گشتیدا بەپێی ئەوەی، کە پلانی بۆ دانرابوو، ڕەنگدانەوەی پلەی کارایی خودی ئەدای بودجەیە لەڕووی گونجانی ڕێڕەوی جێبەجێکردن لەگەڵ پلانی دارایی ساڵانە”.
ڕاشیگەیاندووە، “جگە لەو خەرجیانەی ئێستا کە دەبێت جێبەجێ بکرێن، وەک مووچەی مانگانە، پاڵپشتی و پابەندبوونە دەرەکییەکانی پەیوەست بە قەرز و خەرجییەکانی دیکە، باشتربوونی داهاتی نەوت دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خەمڵاندنەکانی کورتهێنان و یارمەتیدەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی كورتهێنان و پەنابردن بۆ قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەتایبەتی لە جێبەجێکردنی بەرنامەی تایبەت لە بودجەی بەكاربردن و خەرجکردنی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە پلان بۆ داڕێژراوەکان بەپێی ئەولەویەتەکانی ستراتیژی.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “پەیوەندییەک هەیە لە نێوان کەمبوونەوەی خەمڵاندنی کورتهێنان بەهۆی باشتربوونی داهاتی گشتی لە داهاتی نەوت و داهاتەکانی تر، لەگەڵ کارایی جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە بودجەی گشتیدا، کە ئەمەش سەرکەوتنی کارامەیی بودجە دووپات دەكاتەوە بە هاوتاکردنی خەرجکردن لەگەڵ پلانی دارایی ساڵانەی وڵات بەبێ دواکەوتن”.
جەختیشی كردۆتەوە، کەمکردنەوەی کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو بەهۆی پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەکان، خەرجییەکانی وەبەرهێنان خێراتر دەکات، کە نوێنەرایەتی بنەمای گەشەپێدان و پێشکەوتنی ئابووری ماددی دەکات، و لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی کارایی جێبەجێکردنی داراییە.