پەرلەمانتارێكی عێراقی داوای ڕاستكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات، بەجۆرێك، كە زیان بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەگات و دەڵێت: “پەیوەندی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم تایبەت و نائاساییە”.
ڕائید مالكی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم بەپێی پێوەرەکانی سیستەمی فیدڕاڵی پەیوەندییەكەی تایبەت و نائاساییە، بەو پێیەی سەر بە هیچ جۆرە ڕێکخستنی دەسەڵات نییە لە سیستەمی فیدڕاڵیدا”.
ڕاشیگگەیاندووە، “ئەو بڕگانەی پەرلەمان لە یاسای بودجەی گشتی 2023-2025 دایانناوە، یەکەم هەنگاوی یاسایی بوون بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی پەیوەندی نائاسایی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ئەو بڕگانە پابەندبوونەکان دابەشکرا لە بابەتی كاروبارە گرنگەكانی دەوڵەتی فیدراڵی و سامان و نەوت”.
مالكی هۆشداریشیدا لە “بەکارهێنانی بەشێکی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی و گەڕانەوە بۆ شێوازی گواستنەوەی پارە لە شێوەی قەرزدا، چونکە نوێنەرایەتی پاشەکشە دەکات لە ڕێڕەوی ڕاستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم و گرنگی دان بە ڕێككەوتنەكان لەجیاتی گرنگیدان بە دەستوور و یاساكان”.
ئەو پەرلەمانتارە پێی وابوو “گواستنەوەی پارە بۆ هەرێم لەسەر بنەمای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، کە لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی سیاسی کۆبووەوە، ئاماژەیەکی نەرێنی دا کە کێشەکە سیاسییە و ئیدیعاکانی هەرێم بەهێزتر کرد”.
ڕائد مالكی داوای بێلایەن کردنی پرسەکانی “مرۆیی و مافی مرۆڤ و بەکارنەهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هیچ ناکۆکییەکی سیاسیدا” دەكات و دەپرسێت، “بۆچی داوا لە حکومەت نەکرا داتای ژمارەی فەرمانبەران و پلەكانیان و کارەکانیان پێشکەش بکات، ئاستی جێبەجێ كردنی پابەندبوونەکانی دیکە لەوانە یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و داخستنی دەروازە نافەرمییەکان، کە زیانێکی زۆریان بە ئابووری عێراق گەیاندووە”.