ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، قۆناغی سەختتر چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەشڵێت: “بۆ برسی كردن و ترساندنی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابن”.
جەعفەر ئیمینكی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی پارتی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاندووە، ” قۆناغی سەختتر چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات بەهۆی ئەوەی شۆڤێنیەت لەعێراق پەرەیسەندوە و كۆتایی نەهاتووە و بەرپرسانی ئێستای عێراق كارێكیان كردوە، خۆزگە بەسەردەمی مالیكی بخوازین”.
دەشڵێت: “ئێستا دۆخێكی نوێ لەعێراق هاتۆتە ئاراوە، بەڵام خۆزگە كاك مەسرور زووتر سەردانی بەغدای دەكرد”.
جەعفەر ئیمینكی پێی وایە، “ئێستا بەشێوەیەكی زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ پرسی بودجە دەكرێت و پارتی هۆشداریداوە بە بەرپرسانی عێراق، كە پشتیوانی بۆ ئەم كابینەیە بەكراوەیی و وەك ئێستا نامێنێتەوە”.
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕاشیگەیاند، ترسمان لەجێبەجێكردنی دەستورو ڕێككەوتنەكان هەیە، لەبەرئەوەی هێشتا هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، هەرچەندە دەبێت ئەوە باش بزانن، بۆ برسی كردن و ترساندنی هەرێمی كوردستان سەركەوتوو نابن، ئێمە هەموو كارێك دەكەین بۆ پارێزگاری پێگەی دیموكراسی و یاسایی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا قۆناغی سەختتر چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكات.