پەرلەمانتارێکی کورد بە هۆی پشتگوێخستنی پشکنین بۆ روفاتی قوربانیانی ئەنفال، سکاڵای لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا تۆمار کرد.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بەغدا لەگەڵ دادوەر نەجم عەبدوڵا سەرۆکی داواکاری گشتی کۆبووەوە و نووسراوێکی فەرمی رادەست کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە سکاڵایان لەسەر وەزارەتی تەندروستی عێراق و پەیمانگای پزیشکی دادی بەغدا تۆمار کرد بەهۆی جێبەجێ نەکردنی مادەی (٦) بڕگەی (٥) یاسای ژمارە (١٣) ساڵی (٢٠١٥) پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق تایبەت بە ئەنجام نەدانی پشکنینی DNA بۆ (١٧١) روفاتی ئەنفالکراوی گەرمیان.
ماوەی چوار ساڵە روفاتەکان لە پزیشکی دادی بەغدا ماونەتەوە.
کاروان یاروەیس ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکی داواکاری گشتی بڕیاریدا دۆسیە بۆ داواکاریەکە بکرێتەوە و هەر ئەمڕۆش نووسراوی ئاڕاستەی وەزارەتی تەندروستی عێراق کرد بۆ کاری پێویست.