بڕیارە ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت وەك نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
بڕیارە کاتژمێری 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبێتەوە و یەکێك لە خاڵەکانی کارنامەکەشی دەنگدان دەبێت لەسەر پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە.
بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو دەنگی لەسەر پرۆژە یاساکە بدرێت، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دووشەممە دواخرا.
لە کاتی پەسەندکردنی پرۆژەیاساکەشدا، هەڵەبجە دەبێتە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و لە هەموو ڕووییەکی دارایی و کارگێڕییەوە وەك پارێزگایەکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ڕۆژی 13ی ئاداری ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد.
مانگی ڕابردووش د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، داوای کرد پەلە بکرێت لە پەسەندکردنی پرۆژەکەدا.