پشكی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریكادا 322 ملیۆن دۆلارە.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی بۆ ساڵی 2023 پەسند دەكات، كە 858 ملیار دۆلارە و پشكی هەرێمی كوردستان و عێراقیش كە 322 ملیۆن دۆلارە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە بڕی 23 ملیۆن دۆلار كەمیكردووە.
رۆژی پێنجشەممە 8ـی كانوونی یەكەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریكا لەلایەن دیموكرات و كۆمارییەكانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەسندكرا. پڕۆژەیاساكە 45 ملیار دۆلار دەخاتە سەر بودجەی بەرگریی ئەمریكا و 4.6٪ـی مووچەی سەربازان زیاددەكات. ئەوەش لەسەر داوای جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا زیادكراوە.
پڕۆژەیاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە كۆی 435 ئەندامی كۆماری و دیموكراتەكان، دەنگی 350 ئەندامی بەدەستهێنا و پەسندكرا. بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و كاری پێبكرێت، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر لەلایەن بایدنەوە واژۆی لەسەر بكرێت.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساكە، 487 هەزار دۆلار بۆ چالاكییەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانكراوە كە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەخۆ دەگرێت. هاوكات، بڕی 165 ملیۆن و 309 هەزار دۆلاریش بۆ هێزەكانی هەسەدە و هاوبەشەكانی دیكەی ئەمریكا لە سووریا تەرخانكراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەپێی پڕۆژەیاسای بودجەی سەربازیی ئەمریكا بۆ ساڵی 2022، 345 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق و 177 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزەكانی سووریای دیموكرات و هاوبەشەكانی دیكەی ئەمریكا لە سووریای تەرخان كراوە. لەنێویدا، بڕی 240 ملیۆن دۆلار بۆ پێدانی مووچەی پێشمەرگە تەرخانكراوە.
لە پڕۆژەیاساكەدا باس لە “هەڵسەنگاندنی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئاسمانی و مووشەكی” كراوە.
بەگوێرەی بڕگەی 1237 لە پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی ئەمریكا، تاوەكو 1ـی نیسانی 2023 دەبێت وەزیری بەرگری راپۆرتێك دەربارەی پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی عێراق بۆ بەرپەچدانەوەی هەڕەشەی ئاسمانی و مووشەكی پێشكێشی لیژنەكانی بەرگری لە كۆنگرێس بكات.