ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەولێرە و ئێرانیش سەرلەنوێ دووپاتیدەکاتەوە کە وادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکە درێژ ناکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم و جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کۆبووەوە.
ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند ئەعرەجی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێران لە هەولێرە.
ئەم سەردانەش ڕۆژێك پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە دێت کە ئێران بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دایناوە.
ئێران جەخت دەکاتەوە کە دەبێت پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەکبکرێن و بارەگاکانیشیان لە هەرێمی کوردستان چۆڵ بکەن.
ئەمڕۆش ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سبەینێ وادەکە کۆتایی دێت و دەبێت هێزە دژبەرەكانی ئێران چەك بكرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا دانی نا بەوەی بەشێكی زۆری رێككەوتنەكەیان لەگەڵ عێراق جێبەجێكراوە.