بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، وەرزی پاییز و زستانی ئەمساڵ بەهۆی دیاردەی لانیناوە بارانی زۆر و بەخوڕ دەبارێت و بەهۆیەوە هۆشداری لافاو دەدرێت و داوا دەكرێت ئامادەكاری بۆ بكرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ھەفتەی داھاتوو بۆ کۆتایەکانی مانگ پلەی گەرمی کەمێک بەرزتر ئەبێت بەڕاورد بەکاتی ئێستا و ئەمەش نیشانەیە بۆ نزیکبوونەوەی باران و ئەگەر ھەیە لە ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی داھاتوو بەدیاری نەکراوی یەکەم بارانبارینی وەرزی پاییزی ئەمساڵ ناوچەکانمان بگرێتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەگەری دروستبوونی حاڵەتی ناسەقامگیری بەرگەھەوا و دروستبوونی ھەورە بروسکە و بارانی پەرش و بڵاو و چالاکبوونی با ئەبێت .
لای خۆشیەوە، ئەحمەد تەمیمی، شارەزای كەشناسی عێراقی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “پاییز و زستانی ئەمساڵ پڕ بارانی بەخوڕ و سەرمای زۆر دەبێت”.
ڕاشیگەیاندووە، زستانی ئەمساڵی عێراق بەجۆرێك دەبێت بارانێكی زۆر دەبارێت، كە جیاواز دەبێت لە ساڵانی ڕابردوو، بەو هۆیەشەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی زۆر ڕوو لە دابەزین دەكەن و سەرمایەكی بەهێز دەبێت و مەترسی ڕوودانی لافاو دەكرێت.