دوابەدوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بڕی 700 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و سوپاسی خەڵكی كوردستان و سەرۆكی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانییەكان و لایەنەكانی عێراق دەكات بۆ پشتیوانیان.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، “بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆكەكان نادەین سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدەن”.
دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی:
بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلكی كوردستان بكەین و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێككەوتنێكی گونجاو، بۆ دابینكردن مووچەی هاووڵاتیان.
سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر كە متمانەیان بە حكومەتەكەی خۆیان لە دەست نەدا.
سوپاس بۆ جەنابی سەرۆك بارزانی كە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بە سەر كۆسپەكاندا.
سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پشتیوانیكردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەل حكومەتی فیدرال.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەكانی عێراقی فیدرال كە پشتیوانمان بوون.
سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستیانەكان لە پەرلەمانی عێراقی فیدرال كە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەركردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
سوپاس بۆ شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بە بێ ماندووبوون و بە هەستێكی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەركە قورسەدا سەركەون.
بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆكەكان نادەین سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدەن.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان