هێزێكی گەورەی ئەمریكا بە چەندین جۆر چەكی قورسەوە گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان.
كەناڵی حەدەس بڵاویكردەوە كاروانێكی گەورەی هێزی ئەمریكا بە چەكی قورسەوە گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتی كەناڵەكە، كاروانەكەی سوپای ئەمریكا لە 40 ئامێری سەربازی برادلی شەڕكەر، ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ، كرێنی گواستنەوەی تانك و زرێپۆش، ئامێری ڕادار و چاودێری، گوێزەرەوەی كەلوپەلی لۆجیستیكی پێكهاتووە.
ئەو هێزە گەورە سەربازییەی ئەمریكا چووەتە ڕۆژئاوای كوردستان و لە دوو بنكەی سەربازی سنووری پارێزگەی حەسەكە جێگیربوون.
گەیشتنی ئەم هێزە دوای ئەوە دێت ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكایی بڵاویكردەوە بەم نزیكانە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكانیان بەشێوەیەكی زۆر گەورە و بەرفراوان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێدەكەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی واشنتن پۆست، ژمارەیەك كاربەدەستی ئەمریكایی وێڕای سووربوونی ئەمریكا لەسەر ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە، گومانی خۆیشیان نیشانداوە كە ڕەنگە توركیا كاردانەوەی سەربازی بنوێنێت و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا گرژی زیاتر بەخۆوە ببینن.
ئەمە لە حاڵێكدایە سەرچاوەكان لە واشنتنەوە دەڵێن ئەمریكا سنوورێكی بۆ ئەگەری لەشكركێشی توركیا لە ڕۆژئاوا داناوە، ئەنقەرە ناتوانێت هیچ ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی ئەنجامبدات.