ڕۆژی یەکشەممە ناسر مامدۆڤ، باڵیۆزی ئازەربایجان لە عێراق، ڕایگەیاند، ئازەربایجان میکانیزمێک بۆ پێدانی “ڤیزە” بە عێراقییەکان دەستپێدەکات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، پێدانی ڤیزەی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە دەیانەوێت سەردانی ئازەربایجان بکەن لە بەغدا دەستپێکردووە، ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزەی ئازەرباینجان بە هاووڵاتیانی عێراق ئاسانکراوە و لە ڕێگەی باڵیۆزخانەوە لە بەغدای پایتەخت ئەنجامدەدرێت.
ناسر مامدۆڤ ئەوەشی ئاشکراکرد، “نرخی تێچووی وەرگرتنی ڤیزە بۆ ٢٠ دۆلاری ئەمریکی کەمکراوەتەوە، جگە لەوەش لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقەوە دەتوانرێت ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و کەرکوکەوە بۆ ئازەربایجان گەشتەکان ئەنجامبدرێت، لە ماوەی داهاتووشدا لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و بەسڕەش دەستپێدەکات”.