ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدایە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پێشنیازانەی بۆ چارەسەکردنی کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشکەش کراون.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبێتەوە و تێیدا پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی تێدا یەکلابکرێتەوە.
کۆبوونەوەکە دوای سەردانەکەی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا ئەنجامی دا.
شاندەکە زنجیرەیەك کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەنجامدا کە حکومەتی عێراقیان پێکهێناوە.
دوای کۆبوونەوەکانیش مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گەشبینی خۆی بە ئەنجامی سەردانەکە دەربڕی و ڕایگەیاند دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆران پێشکەشکردووە و چاوەڕێ دەکەن لە کۆبوونەوەکەی (ئەمڕۆ)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاری لەسەر بدرێت.
لە پێشنیازە کورتخایەنەکەدا داواکراوە مانگانە 800 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت و لە پێشنیازی دووەمیشدا داوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کراوە.