بارزانی و تاڵەبانی دوو پێشنیار بۆ مووچە بە سودانی دەدەن



 

لە سەردانەكەی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و جێگرەكەی دوو پێشنیار بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران دەخەنە بەردەم سەرۆك وەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی دەڵێت: “چاوڕوانی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین”.

مەسرور بارزانی، سه‌رۆك وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌كانی له‌ به‌غدا ڕایگه‌یاندووە، بۆ چاره‌سه‌ری كورتخایه‌نی كێشەی مووچەی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم چه‌ند پێشنیازێكمان خسۆته‌ به‌رده‌م حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه‌كان و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت.

وەك سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتویەتی، “چارەسەری یەكەمیان كورتخایەنە و چارەسەری دووەمیان درێژخایەنە”.

لای خۆشیەوە، جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی ھەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراقدا دوو پێشنیازکراوە بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، پێشنیازی یەکەم ئەوەبووە بەغداد تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە ٨٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێم بنێرێت.

ئاشكراشی كردووە، پێشنیازی دووەمیش ئەوەیە ناردنی ئەو پارەیە لە ٢٠٢٤شدا بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی کێشە دارایی و یاساییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ چارەسەر دەکرێت.

ماوەی نزیكەی 3 مانگە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش بۆتە هۆی خۆپیشاندان و بایكۆتی مامۆستایان و فەرمانبەران و بەهۆیەوە دامەزراوەكانی حكومەت پەكی كەوتووە و حكومەتی هەرێمیش هۆكاری دابەشنەكردنی مووچە بۆ نەهاتنی پارە لە بەغداوە دەگەڕێنێتەوە.

ڕۆژی پێنج شەممە 14ی ئەیلول، شاندی باڵای هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی چوونە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەیزران و بەرپرسە باڵاكانی دیكەی عێراق و حزبە سیاسیەكان كۆبوونەوە و “مژدەی چارەسەركردنی كێشەی مووچە”یان ڕاگەیاند.

 

د.ئەحمەد كەركوكی: بایكۆتكردنی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە شەرعیە
پێت د.ئەحمەد كەركوكی: بایكۆتكردنی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە شەرعیە
هەڵەبجە دەبێتە دەستەخوشکی پارێزگایەکی ئیسپانیا
دوات هەڵەبجە دەبێتە دەستەخوشکی پارێزگایەکی ئیسپانیا
پەیوەنیدر