پێشوازی و گفتوگۆکەی سۆران عومەر لەگەڵ مەسرور بارزانی یەکێك لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەغدا.
لە کاتی گەیشتنی مەسرور بارزانی و شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، سۆران عومەر یەکێك بوو لەو پەرلەمانتارانەی لە فڕۆکەخانە پێشوازی لە شاندەکە کرد و دواتریش دەرکەوت کە لەگەڵ بارزانی گفتوگۆ دەکات.
سۆران عومەر یەکێك بوو لە پەرلەمانتارەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە بەردەوام ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێم دەکرد، تا هەر بە هۆی ئەو دۆسێیانەی لەسەری کرانەوە، لە سەرەتای مانگی ئایاری 2020 بە دەنگی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و دواتریش وازی لە ئەندامێتی پەرلەمان هێنا.
ئەمڕۆ سۆران عومەر ڕایگەیاند، سەرباری ناکۆکییەکانمان، بەڵام لەسەر بەرگریکردن شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکدەنگین.
وتیشی لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی باسی ئەوەیان کرد کە چی لەگەڵ حکومەت و کوتلە سیاسییەکان باس بکەن و بۆچوونی خۆیشی لەسەر گرفتەکانی یاسای بودجە بۆ خستەڕوو.
ئاماژەشیدا بەوەی کە داوای لە سەرۆك وەزیران کردووە کوتلە سیاسییەکان هان بدات ناکۆکییە داراییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکەنە هۆکارێک بۆ دەنگنەدان بە پرۆرژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە کە ئەمڕۆ لە کارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە.
سۆران عومەر وتیشی: مەسرور بارزانی سوپاسی کردوون و ڕایگەیاندووە کە ئەو یەکدەنگییەیان دەبێتە هێزێك بۆ بەرگریکردن لە شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.