کاریگەری قەیرانەکانی هەرێم لەسەر وەبەرهێنان چییە؟



زیادبوونی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان و زیادبوونی باج و نرخی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا، خواست لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون کەمی کردووە.

هاوکات ئەم دۆخە بەشێکی گەورەی کەرتی وەبەرهێنانی لە هەرێمەکە خستووەتە بەردەم ئایندەیەکی نادیار و مەترسی داڕمان.

یاسین مەحمود ڕەشید، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ڕەوشی کەرتی وەبەرهێنانی لە نێو قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاند و وتی:  “بازاڕی وەبەرهێنان تا ساڵی ٢٠١٣ لە هەرێمی کوردستان باشترین دۆخی هەبوو، هاوکات سێکتەری نیشتەجێبوون سێکتەرێکی گرنگە و کەوتنیشی کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو سێکتەرەکانی تر دروست دەکات، بەهۆی سێکتەری نیشتەجێبوونەوە لە ساڵانی ڕابردوو چەندین کارگەی وەبەرهێنان و پیشەسازی و کەلوپەلی خانووبەرە دروست کران”.

یاسین مەحمود ڕەشید، ئاماژەی بەوەشکرد نزیکەی لە ٪٣٠ خواست لەسەر وەبەرهێنان و کەرتی نیشتەجێبوون کەمیکردووە و وتی: ” لە پارێزگای هەولێر ٪٥٠ خواست لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون کەمیکردووە، لە کاتێکدا ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو خستنەڕوو لە ٪١٠٠ زیادیکردووە، لە کاتێکدا کە خستنەڕوو زۆربێت و خواست کەمبێت ئەو قەیرانانە ڕوودەدات کە ساڵی ٢٠٠٨ لە یۆنان ڕوویدا کەرتی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون کەوت، قەیرانی ئابوری گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا دواتریش ئەمریکای گرتەوە، دواتر وێڕای بانکە گەورەکانی ئەوروپا و بوونی ئەو ڕێژە زۆرەی نەختینە پێنج ساڵی ویست کە بکەونەوە سەر قاچی خۆیان.”

ناوبراو باسی لە داڕمانی بازاڕی نیشتەجێبوون کرد و وتی: “مامەڵەی دامودەزگاکانی حکومەت بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج لە ناو شارەکاندا زیانی لە بازاڕی نیشتەجێبوون داوە، بۆ نموونە لە کاتی کڕین و فرۆشتنی ئەم یەکانە، هەتا هاوڵاتیانی کەمدەرامەتیش کە دەیکڕن لە پاکتاوکردنی ئاو، کارەبا و چەندین ناوی تر پارە وەردەگرن، جگە لەوەی لە ٪٣ کە دەبێت بیدەن، لە کاتێکدا لە عێراقدا یەک لەسەر پێنجی ئەو بڕە وەردەگیرێت، ئەمەش وایکردووە کڕین و فرۆشتنی ئەم یەکانە لە هەرێم کەم بکات، چونکە هاووڵاتی عەرەب یەکەی نیشتەجێبوون لە هەرێم ناکڕێت و پێنج قات باج بدات.”

گرنگییەکانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی لە هەر وڵاتێک خستەڕوو و وتی: ” تورکیا بڕیایداوە ملیۆنێک ڕەگەزنامە بەهۆی کڕینی پرۆژەی نیشتەجێبونەوە بدات، هەروەها یۆنان و سعودیە بە کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون سەرمایەی دەرەوە دەهێنێتە وڵاتەکەی، بۆیە ئیقامەی ٩٩ ساڵ دەدات بە خەڵکی بیانی لە بەرامبەر کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون”.

یاسین مەحمود ڕەشید باسی لە هۆکارەکانی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کرد و وتی: ” ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و بودجە لە بەغدادەوە دەبینین چ کاریگەرییەکی دروستکردووە، مۆڵەتەکانی وەبەرهێنەر زیادیکردووە، پێویستە دەستەی وەبەرهێنان کۆبوونەوەیەک ڕێکبخات و سەرەڕای باسکردن و چارەسەری وەستانی بازاڕی خانووبەرە دەبێت مۆڵەتەکانی وەبەرهێنان ڕابگیرێن، هەروەها باج و ڕسومات بەو شێوازەی ئێستا لەسەر هاووڵاتییان نەهێڵرێت،  عێراق بە پانزە پارێزگاکەی ٦٠٠ ملیاری باجی هەیە، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان بە سێ پارێزگاوە زیاتر لە سێسەد ملیاری هەیە.”

ئاماژەی بە زیانەکانی داڕمانی کەرتی وەبەرهێنان کرد و وتی: “ئەگەر بازاڕی خانووبەرە بکەوێت ئەوا بەدڵنیایی تووشی قەیرانی دارایی زیاتر و سەختر دەبین، هەروەها کاریگەری لەسەر کارگەکانی وەبەرهێنانی ئاسن و چیمەنتۆ دەبێت، جگە لەوەی بێکاری زیاتر دەبێت و کێشەی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات”.

یاریزانێکی ئەوروپی لە سعودیە موسڵمان بوو
پێشت یاریزانێکی ئەوروپی لە سعودیە موسڵمان بوو
مەسرور بارزانی لە بەغداوە  یەکەم پەیامی ڕاگەیاند
دواتر مەسرور بارزانی لە بەغداوە یەکەم پەیامی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار